لە دهۆک کەسێک برایەکی خۆی دەکوژێت


رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی زاویتە لە دهۆک، کەسێک برا بچووکەکەی خۆی دەکوژێت و دواتر خۆی رادەستی پۆلیس دەکات. 
 
رووداوەکە کاژێر 04:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە گوندی تەلەوە لە شارۆچکەی زاویتە روویداوە. سەرەتا دەمەقاڵێ لەنێوان دوو براکەدا دروستبووە. برا گەورەکەیان برا بچووکەکەی خۆی بە گولـلە کوشتووە. 
 
هێمن سلێمان، موقەدەمی مافپەروەر و گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی دانپێدانانی تۆمەتبارەکە، دەمەقاڵێکە لەسەر ئەوە دروستبووە کە برا بچووکەکەی بە قسەی خێزانەکەی ناکات و شەوان درەنگ دەچێتەوە ماڵەوە. 
 
ئەو کەسەی کوژراوە بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس، ناوی هونەر حوسێنە و لەدایکبووی ساڵی 1999یە و تەرمەکەی لە گوندەکەی خۆیان بەخاکسپێردراوە. 
 
تۆمەتبارەکە خۆی رادەستی پۆلیس کردووە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەش بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.