راگەیێندراوی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان: لە زڕگوێز بە قەناس تەقەمان لێکراوە

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی شەڕیان لەگەڵ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هێرش کراوەتە سەر فێرگە و ئۆردوگا و بە قەناس تەقە لە پێشمەرگە کراوە" و "دوو پێشمەرگە گیانیان لەدەستداوە."

بەپێی راگەیێندراوەکەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لایەنی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ "بە سەرپەرشتیی عەبدوڵڵای ئازەربار" هێرشیان کردووە، دەشڵێت، "بە داخێکی زۆرەوە تائێستا دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بە ناوەکانی سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی گیانی لەدەستداوە."

ئەمجەد حوسێن پەناهی، فەرماندە لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە بانەگەورەوە لە زرگوێز بە رووداوی راگەیاند، "بە قەناس و دۆشکە هێرشمان کراوەتەسەر و دوو پێشمەرگەمان شەهید بوون، بەڵام نامانەوێت شەڕی براکوژی بکەین، بۆیە هیچ فیشەکێکمان بۆ کوشتنی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێر نەتەقاندووە و تەنیا تەقەی هەواییمان کردووە."

ئەو فەرماندە لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان داوا لە خەڵک دەکات "بێن بەهانامانەوە بۆئەوەی خوێنی کورد بە دەستی کورد نەڕژێت."

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە دوێنێوە و دوای راگەیاندنی کۆتایی پرۆسەی یەکگرتنەوە لەلایەن ئێمەوە، دەستیان داوەتە هەموو جۆرە ئاژاوەیەک و عومەر ئیلخانیزادە لە ناوەڕاستی ئوردوگاوە هاواری دەکرد با خوێن بڕژێت. بۆیە زۆر هەوڵماندا کە ئەمە روو نەدات، بەڵام ئەوان بۆ قەرەبووی شکستەکانیان لە هیچ کردەوەیەک و جینایەتێک دەست ناپارێزن."