ئەو مامۆستایەی دوێنێ لە بۆگد خنکا تەرمەکەی لە تەقتەق دۆزرایەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ سێ کەس لە گوندی بۆگدی ناحیەی ئاشتی خنکان؛ بەرگریی شارستانیی کۆیەش دەڵێت، دووەم تەرممان دۆزییەوە و بەدوای سێیەمیشدا دەگەڕێین.
 
ئەمڕۆ 22ی حوزەیرانی 2025، عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قەزای کۆیە بە رووداوی گوت: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ تیمەکانی ژێرئاوی تەقتەق، تەرمی ئەو مامۆستایەیان دۆزییەوە، کە دوێنێ لە گوندی بۆگد لەگەڵ دوو کوڕی دیکەی خنکان."
 
دوێنێ لە گوندی بۆگدی ناحیەی ئاشتی، باوکێک و دوو کوڕ کاژێر 7:30ی ئێوارە، لە ئاوی زێی بچووک خنکان؛ ئەو هاووڵاتییانە بە رەگەز عەرەبن و خەڵکی بەغدان.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە، دوێنێ دوای رووداوەکە تەرمی یەکێک لە منداڵەکان دۆزرایەوە و ئەمڕۆیش تەرمی  باوکەکە بوو.
 
عەمید گۆران ئەحمەد دەڵێت، باوکەکە ناوی د. خالید رەشیدە و 2010 تاوەکو 2016 لە زانکۆی کۆیە وانەی گوتووەتەوە. عەرەبێکی سوننەیە؛ منداڵێکی ئۆتیزمی هەیە و هەر ئەویش بووەتە هۆی خنکانیان. "منداڵەکان یەکێکیان تەمەنی 8 ساڵانە و ئەوەی دیکە 13 ساڵە."
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، "ساڵانە بە مەبەستی پشوو رووی لەم ناوچەیە دەکرد و بۆ گەشت چوونەتە ئەو شوێنە؛ ئێستا تیمەکانمان سەرقاڵی دۆزینەوەی تەرمەکەی دیکەن و لە گەڕان بەردەوامین."
 
بە گوێرەی ئاماری بەرگریی شارستانیی کۆیە بۆ رووداو، ئەم ساڵ یەکەم رووداوی خنکانە لەو سنوورە رووبدات.