دژە تیرۆری کوردستان: دوو درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر خرانە خوارەوە
رووداو دیجیتاڵ
دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە نزیک گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر تێکشکێندراون. پەیامنێری رووداویش باس لەوە دەکات، هێزە ئەمنییەکان خەریکی لێکۆڵینەوەن.
رۆژی یەکشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2025، دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ کاژێر 17:10 لە نزیک گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکشکێندران و خرانە خوارەوە؛ هیچ زیانێکی مادی و گیانییان لێ نەکەوتەوە."
رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند: "درۆنەکان لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە کەوتوونەتە خوارەوە و هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن بۆ هەڵگرتنەوەی پارچەکان و لێکۆڵینەوە."
بە گوتەی پەیامنێری رووداو، درۆنەکان کیلۆمەترێک بۆ 500 مەتر لە دووری یەکدی کەوتوونەتە خوارەوە.
سەرچاوەیەکی باڵاش لە حکومەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە هیچ زیانێکی نەبووە.