کەسێک لە سێمێل و دوو کەسیش لە بەنداوی موسڵ خنکان

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، ئەمڕۆ کەسێک لە سنووری قەزای سێمێل و دوو کەسیش لە بەنداوی موسڵ لە ئاودا خنکان. 
 
رۆژی یەکشەممە 22ی حوزەیرانی 2025 بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ، کچێکی عەرەب لە سنووری قەزای سێمێل کەوتە بیرێک و گیانی لەدەستدا."
 
بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز، ئەو کچە ناوی نورا ئەدهەم، تەمەنی 14 ساڵ و خەڵکی موسڵە.
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ کاژێر 01:00ی دوای نیوەڕۆ، دوو گەشتیار لە کاتی مەلەکردندا لە بەنداوی موسڵ خنکان.
 
بە گوتەی بێوار عەبدولعەزیز، یەکێکیان 11 ساڵ و ئەوی دیکەیان 23 ساڵ بووە، هەردووکیشیان عەرەب بوون.
 
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک گوتی، هەندێک شوێن قووڵن و هاووڵاتییان ئاگادار دەکرێنەوە کە لەو شوێنانەدا مەلە نەکەن، بەڵام خەڵکێکی زۆر هەر مەلە دەکەن.