وەزارەتی ناوخۆ وردەکاریی چۆنیەتی چوونی دالیا مەحموود بۆ تورکیا بڵاودەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی ناوخۆ وردەکاریی چۆنێتی هاتنی برازاکەی ساڵح موسلیم بۆ هەرێمی کوردستان و بەقاچاخ رۆشتنی بۆ تورکیا بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیێنێت، بازرگانێکی خەڵکی دهۆک لەڕێگەی ماڵباتی سەلامی یەڵمازەوە بە قاچاخ بردوویەتیە تورکیا و لە مێرسین خۆیان رادەستی پۆلیس کردووە.
 
لە راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە "دوای بەدواداچوونی دامودەزگا ئەمنییەکان لەسەر چۆنێتی رۆیشتنی دالیا مەحموود موسلیم بۆ تورکیا، توانرا لەڕێگەی کەفیلی ناوبراو لە هەرێمی کوردستان بەناوی بەیار ئەحمەد سەعید، کە بازرگانێکی دانیشتووی دهۆکە، زانیاریی زیاتر بەدەستبخەین و راستییەکانی پەڕینەوەی دالیا مەحموود موسلیم بۆناو خاکی تورکیا بخەینەڕوو".
 
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بەیار ئەحمەد سەعید، دانیشتووی شاری دهۆكە و كاری بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكات، نزیكایەتی و پەیوەندیی لەگەڵ ماڵباتی سەلامی یەڵماز هەبووە، لەكاتی هاتنی دالیا موسلیم بۆ هەرێمی كوردستان، لەسەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز دەبێتە كەفیلی و لەگەڵ سەلامی یەڵماز، لە ماڵەكەی خۆی دەیانحەوێنێتەوە.
 
وەزارەتی ناوخۆ ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای گەڕانەوەی سەلامی یەڵماز بۆ توركیا، دالیا لە ماڵی بەیار ماوەتەوە و دواتر لەسەر داوای ماڵباتی سەلامی یەڵماز بە رێگەی قاچاخ دەینێرێتە توركیا "بەیار، دالیا‌ دەداتە دەست ئەو قاچاخچییەی كە ماڵباتی سەلامی یەڵماز بۆیان دەستنیشانكردووە و لەگەڵی رێككەوتوون".
 
دوای گەیشتنی دالیا بە ماڵباتی سەلامی یەڵماز، وەکو وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت "پەیوەندیی بەیار لەگەڵ ئەوان بەردەوام دەبێت و ماڵباتی سەلامی بە [بەیار]یان راگەیاندووە کە سەلام و دالیا بە سەلامەتی بەیەکەوە گەیشتن و خۆیان رادەستی پۆلیسی شاری مێرسینی توركیا كردووەتەوە، دەشیانەوێت دوای خۆناساندن بە پۆلیس ژیانی هاوسەرگیری پێكبهێنن و بەیەکەوە بژین".
 
لە پەیوەندییەکی ڤیدیۆییشدا کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت کە سەلامی یەڵماز بە ئاشکرا بە بەیار ئەحمەد رادەگەیێنێت کە "دالیا لەڕێگەی قاچاخ دەربازبووە، هاتووەتە لای پیاوەکەی و پەیوەندیی بە هیچ کەسەوە نییە و خۆی رادەستی پۆلیسی تورکیا کردووە لە مێرسین".
 
وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاندووە، لە رۆژانی رابردوودا خەڵکانێک ویستوویانە راستییەکان بشێوێنن و بازرگانی بەو بابەتەوە بکەن، دەشڵێت "ئامادەیی خۆمان بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەکی زیاتر لەمبارەیەوە دەردەبڕین. هیوادارین چیتر ئەم بابەتە بۆ مەرامی سیاسی بەکارنەهێنرێت و واز لە  ژیانی کۆمەڵایەتی و تایبەتی دالیا مەحموود و سەلامی یەڵماز بهێنرێت".
 
رۆژی 19ی تەممووز، مەحموود محەممەد موسلیم، باوكی دالیا لە لێدوانێكدا بۆ رای گشتی گوتی، كچەكەی بەر لە شەش ساڵ ببووە شەڕڤانی یەكینەكانی پاراستنی ژن - YPJ بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش "بەڵام پێش شەش مانگ لەبەر هۆكاری تەندروستی وازی لە هەڤاڵەكانی و ئەركەكانی هێنا و چووە هەرێمی باشووری كوردستان بۆ چارەسەری، لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ كەسوكار، تاوەكو بەر لە ماوەیەكی كەم پەیوەندیی كرد سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ نێو كەسوكاری لە رۆژئاوا، بەڵام لەناكاو بینیمان كە دراوەتە دەست دەسەڵاتی توركیا و دەزگا سیخوڕییەكانی".
 
مامی دالیا مەحموود موسلیم-یش رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان هیچ دەستی لە گرتنی کچەکەیاندا نییە و تۆمەتباری ناکەن، بەڵام داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن کە ئەگەر بتوانن لە گرتنی دالیا بکۆڵنەوە.