تەرمی 'پاشای تیکتۆک لە کەرکووک' لەسەر شەقامێک دۆزرایەوە


رووداو دیجیتاڵ
 
پۆلیسی کەرکووک گیانلەدەستدانی "پاشای تیکتۆکی" لە شارەکە راگەیاند کە بە گوتەی ئەوان بە جەڵتەی مێشک کۆچی دواییکردووە.
 
رائید عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکراونەتەوە لە بوونی تەرمێک لە بەردەم نەخۆشخانەی کۆماری لە کەرکووک. لە کاتی چوونی هێزەکان دەرکەوتووە کە تەرمی مەزهەر مەهدیە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیکتۆک بە پاشا ناسراوە.
 
رائید عامر باسی لەوەشکرد، ئەو شوێنەی تەرمەکەی لێ بووە، شوێنی مانەوە و خەوتنی مەزهەر بووە. گوتی، "ئەو نەخۆشیی دەروونیی هەبووە و باری تەندروستیشی ناجێگیربوو، شەوان لەسەر شەقامەکان دەمایەوە و زۆرجاریش خواردنەوە کحولییەکانی دەخواردەوە."
 
بەپێی ئەو راپۆرتە پزیشکییەی لە دادپزیشکیی کەرکووک بە پۆلیس دراوە، مەزهەر بە جەڵتەی مێشک کۆچی دواییکردووە و لەبەر ئەوەی کەسوکاری نییە، تیمەکانی شارەوانی بە خاکیان سپاردووە.