مەسرور بارزانی: نیگەرانین لەو مامەڵە نەشیاوەی بەرامبەر لویس ساکۆ کراوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەخێرهاتنی پاتریاک لویس ساکۆ بۆ هەولێر دەکەن و نیگەرانن لەو مامەڵە "نەشیاوەی" بەرامبەری کراوە.
رۆژی شەممە، 22ـی تەممووزی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تویتێکدا رایگەیاند، "بەخێرهاتنێکی گەرمی بەڕێز قەداسەتی پاتریاک لویس ساکۆ دەکەین بۆ هەولێر؛ پایتەختی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەکان".
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە، هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی کریستیانەکان و راشیگەیاندووە، "نیگەرانیی خۆشمان لەو مامەڵە نەشیاوەی بەرامبەر بە بەڕێزیان {لویس ساکۆ} کراوە دەردەبڕین".
شەوی رابردوو 21ـی تەممووز، لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەخانەوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.
لویس ساکۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "لە هەرێمی کوردستاندا سیمبوولە ئایینییەکان رێزیان لێدەگیرێت. من هەر لە هەرێمی کوردستان دەمێنمەوە. تەنیا ئەو کاتە دەگەڕێمەوە بارەگای باتریاکی لە بەغدا کە مەرسوومەکە بکشێندرێتەوە و دۆخەکە وەک جاران بگەڕێتەوە. پێویستە سنوورێک بۆ ئەو میلیشیانە دابنرێت و فێری رێزگرتن بکرێن. دەبێت رێز لە پیاوانی ئایینی بگیرێت و چیدیکە دەستوەردان لە کاری کەنیسە نەکرێت و دەستبەرداری تۆمەتی پووچ و سکاڵا چەواشەکارییانە بن. ئەگەر ئەم داواکارییانەمان جێبەجێ بکرێن، دەگەڕێمەوە بەغدا، بەپێچەوانەوە لە هەرێمی کوردستان دەمێنمەوە کە بەشێکە لە عێراق."
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ی راگەیاند و تێیدا پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
رۆژی 13-07-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەشێک لە میدیاکان هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماریی ژمارە (147)ی ساڵی 2013 بۆ کەسایەتییەکی ئایینی دیاریکراو. لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە پێشتر دوو مەرسوومی کۆماری بۆ دوو کەسایەتی ئایینی دەرکراون، ئەوانیش هەروەها نوێ نەکرانەوە، چونکە هیچ بنەمایەکی دەستوورییان نەبووە، وەک چۆن هیچ مەرسوومێکی کۆماری نییە بۆ دامەزراندنی، چونکە مەرسوومی کۆماری تەنیا بۆ فەرمانبەران لە دامەزراوە و سەرۆکایەتی و وەزارەتەکان و ئۆرگانە حکومییەکان دەردەچێت."
نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، "کشاندنەوەی مەرسوومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردیناڵ لویس ساکۆ ناگەیێنێت، چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرانسیس و کەنیسەی کاسۆلیکییەوە پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی عێراق و جیهانی پێدراوە." گوتیشی، "هیچ دامەزراوەیەکی ئایینی بە دامەزراوەی دەوڵەت دانانرێت، ئەو کەسایەتییە ئایینیەش فەرمانبەری دەوڵەت نییە بۆ ئەوەی مەرسوومێکی دامەزراندنی بۆ دەربکرێت"، جەختیشی کردەوە، "هەڵوەشاندنەوەی مەرسوومی کۆماری ژمارە 147 تەنیا بۆ راستکردنەوەی دۆخێکی دەستووری بووە."
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت، بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، ژمارەی کرستیانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئێستا 400 هەزار کەس تێناپەڕێنێت، لە کاتێکدا لەدوو دەیە لەمەوبەر ژمارەیان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس بوو، بەڵام بەهۆی گرژی و ململانێکانەوە، کۆچیان کرد.