سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی عێراق کۆبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری بەرگریی عێراق لە هەرێمی کوردستانە و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە.

 

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە 22-07-2023) سابت محەممەد سەعید عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆبووەوە.
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا کە بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و سوپالاری پێشمەرگە ئامادەبوون، باسی هاوکاریی هاوبەشی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان کرا، بۆ لەنێوبردنی پاشماوەکانی تیرۆر". 
 
داعش، کە لە ساڵی 2014ـدا دەستی بەسەر بەشێکی فراوانی ناوەڕاستی عێراق و بەشێکی ناوچە کێشەلەسەرەکاندا گرت، لە ساڵی 2017ـەوە بەفەرمی شکستپێهاتنی لە عێراق راگەیەنراوە، بەڵام تائێستاش لە چەند ناوچەیەکدا چەکداریان ماون و ناوەناوە هێرش دەکەن.
 
چەکدارانی داعش، بەتایبەتی لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵیی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە و سەڵاحەدین چالاکن. 
 
لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، رایگەیاند چالاکییەکانی رێکخراوی داعش لە هەردوو دیوی سنووری عێراق و سووریا بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە.