لە رووداوێکی هاتووچۆدا سێ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە سنووری ناحیەی دارەتوو لە هەولێر کە لە نێوان سێ ئۆتۆمبێلدا روویدا، سێ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا. بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو دەڵێت، هەر سێ کەسەکە ئەندامی یەک خێزانن.
رۆژی شەممە، 22ـی تەممووزی 2023، ئەحمەد نەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی دارەتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 01:00 لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی ئۆپترا، پیکاپ و هیوندای روویدا و لە ئەنجامیدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
بەڕێوەبەری ناحەی دارەتوو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سێ کەسەی گیانیان لەدەستداوە دوو هاوژین و منداڵەکەیانە.
بە گیانلەدەستدانی ئەم سێ هاونیشتمانییە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی رووداوە جیاکانی هاتووچۆوە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 11 کەس.
بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆ، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.