لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە خەبات کەسێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل لە قەزای خەبات، کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، زیانە مادییەکان زۆرن و ئۆتۆمبێلەکان بە تەواوی تێکچوون.
ئەمڕۆ شەممە، 22-07-2023، لە قەزای خەباتی هەولێر و لە ئەنجامی پێکدادان لە نێوان سێ ئۆتۆمبێل لە جۆری بارهەڵگر، تانکەر و کیادا، کەسێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
تەندروستیی خەبات زانیاری بە رووداو دا و گوتی، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە شۆفێری بارهەڵگرەکە بووە.
پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە دەڵێت، ''زیانە مادییەکانی ئەم رووداوە زۆرن و ئۆتۆمبێلەکان بە تەواوەتی تێکچوون.''
یەکێک لە شاهێدحاڵان لەبارەی چۆنێتیی رووداوەکە بە پەیام سەربەستی گوت، ''بارهەڵگرەکە هۆکاری ئەو پێکدادانە بووە کە لە سایدەکەی ئەوبەر چووەتە سایدەکەی دیکە؛ بەڵام هەر لە هەولێر تاوەکو خەبات رێگەکەمان زۆر خراپە''.
هەر ئەمڕۆ لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا لە ناحیەی دارەتوو کە لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل لە جۆرەکانی ئۆپترا، پیکاپ و هیوندای روویدا، سێ کەس کە ئەندامی یەک خێزان بوون گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆ، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان 3 هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.