لەیلا گوڤەن: چاوەڕوانی هەڵوێست لە نێچیرڤان بارزانی دەکەین

رووداو - هەولێر 

لەیلا گۆڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە لەبارەی لابردنی سەرۆکشارەوانی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردین و دانانی قەییوم لە شوێنیان داوای هەڵوێست لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات. 

لەیلا گوڤەن، پەرلەمانتاری هەدەپە و هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە ئامەدی باکووری کوردستان کە بەهۆی لابردنی سەرۆکشارەوانی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردین سازدرابوو رایگەیاند "چاوەڕێی گەورەترین پاڵپشتی و پشتیوانی لە گەلانی تورکیا دەکەین. لە هەمانکاتدا چاوەڕانی لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانیش دەکەین خاوەن هەڵوێست بێت، چونکە ئێمە وەک گەلی کورد لە رابردوودا چی زەحمەتی و نەهامەتییەکمان بەسەرهاتیبێت بەهۆی نەبوونی رێککەوتن و یەکێتی نێوانمان بووە". 

ئەو پەرلەمانتارەی هەدەپە لەبارەی دانانی قەییوم لەجێگەی سەرۆکشارەوانییەکان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمڕۆ ئەگەر تورکیا هاوشێوەی سووریای لێنەهاتووە، لە سایەی سیاسەتی بەرپرسانەی کوردە، با کەس ئیرادەی گەلی کورد بە کەم نەزانێت. تاوەکو ئەمڕۆ چۆن ئیرادەی خۆیان دەربڕیوە، لە ئێستاش بەدواوە ئێمە ئیرادەی خۆمان دەخەینەڕوو، پیشانی دەدەین کە ئەم قەییومانە هەرگیز ناتوانن لێرە بمێننەوە". 

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی رابردوو (19-8-2019) بە بڕیارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا گەورەشارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان کە هەدەپە لەڕێگەی دەنگدانی خۆجێیەوە بەدەستیهێنابوون، قەییومیان لە شوێن دانرا.

سەرۆک شارەوانییە دوورخراوەکان؛ عەدنان سەلجوق مزراکلی، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی ئامەد، بەدیعە ئۆزگۆکچەئەرتان، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی وان و ئەحمەد تورک، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی مێردین بوون کە سەر بە هەدەپەن. 

لە شوێنی ئەوانیش ئەرکی بەڕێوەبردنی گەورە شارەوانییەکانی ئامەد درا بە حەسەن باسری گوزەلئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد، گەورە شارەوانی مێردین درا بە مستەفا یامان، پارێزگاری مێردین و گەورە شارەوانی وانیش درا بە محەممەد ئەمین بیلمەز، پارێزگاری وان.