ئاڵا تاڵەبانی لە بوون بە بەربژێری یەکێتی بۆ پەرلەمانتاری عێراق دوورخرایەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە نووسراوێکدا کە بەناوی لیژنەی هەڵبژاردنەکانی یەکێتییەوە بڵاوکراوەتەوە، ناوی شەش بەربژێری حیزبەکە نووسراوە و ناوی ئاڵا تاڵەبانی وەک بەربژێر لابراوە. ئاڵا تاڵەبانیش دەڵێت، لەو هەنگاوە ئاگادار نەکراوەتەوە.
نووسراوێک بە ناوی "لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کودستان- زۆنی کەرکووک، سەڵاحەدین" بڵاوکراوەتەوە و تێیدا ناوی شەش بەربژێری حیزبەکە لە سنوورەکەدا نووسراوە، بێ ئەوەی ناوی ئاڵا تاڵەبانی تێدابێت.
نووسراوەکە بەرواری رۆژی یەکشەممە 22-8-2021ی بە ژمارە 26 لەسەرە و تێیدا نووسراوە، "ئاگاداری هەموو ئەندامان و کادرانی یەکێتی لە سنووری چالاکی میحوەر بکەنەوە کە تەنها ئەم هەڤاڵانە کاندیدی یەکێتین لە سنووری پارێزگای کەرکووک".
بەربژێرەکانیش بریتین لە:
سدیق عومەر رەسووڵ
سەباح حەبیب قادر
موئەید غازی
دیلان غەفوور
ئاشتی مەهدی
گەیلان قادر
هەروەها نووسراوە، "بەپێچەوانەوە لێپرسینەوە لەو هەڤاڵانە دەکرێت کە بانگەشەی هەڵبژاردن و کەمپەین بۆ هەر کاندیدێکی دیکە لە دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان" دەکەن.
ئاڵا تاڵەبانی لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئاگام لەوە نییە دوورخرابێتمەوە". ئاڵا تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، هەرکاتێک بە فەرمی لە دوورخستنەوەی ئاگادارکرایەوە قسەی خۆی دەبێت.
دوورخستنەوەی ئاڵا تاڵەبانی دوای ئاڵۆزییەکانی نێوان هاوسەرۆکانی حیزبەکە دێت کە لە 08-07-2021ـەوە سەریهەڵدا و بەردەوامی هەیە.
بڕیارە 10-10-2021، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.