دەکان؛ ئەو گوندەی کە لە دانیشتووانەکەی تەنیا یەک ژن لە کۆمەڵکوژی رزگاریبوو
رووداو دیجیتاڵ
لە 18ی ئابی 1969دا، هێزێکی حکومەتی بەعس هێرش دەکاتە سەر گوندی دەکان لە سنووری قەزای شێخان، دانیشتووانە سڤیلەکەی کە لەدەست سەربازەکان هەڵدێن، دەستبەسەر دەکرێن و کۆمەڵکوژ دەکرێن. لە کۆی 76 هاونیشتمانی، تەنیا یەک ژن لەو کۆمەڵکوژییەی بەعس رزگاری دەبێت.
53 ساڵ لەمەوبەر، هێزێکی سەر بە سوپای عێراق هەڵیانکوتایە سەر گوندی دەکان، دانیشتووانی گوندەکە بۆ دەربازبوون لە دەست ئەو هێزە چوونە نێو ئەشکەوتی دەکان، بەڵام هێزەکە ئاگریان لە ئەشکەوتەکە بەردا و لە ئەنجامدا 75 کەس شەهیدبوون کە تەمەنیان لەنێوان 3 رۆژ بۆ 75 ساڵی بوون و تەنیا یەک ژن لەو رووداوە رزگاری بووە کە تاوەکو ئێستاش لە ژیاندا ماوە.
نەوزاد زوبەیر، نوێنەری کەسوکاری شەهیدانی دەکان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نیڤڕۆژی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات گوتی، "ئەو شەهیدانەی ئەشکەوتەکەی دەکان، تاوەکو ئێستا بە کۆمەڵ لەژێر خاکدان و رووفاتەکانیان جیانەکراونەتەوە، داوای ئێمە لەدوای هەڵدانەوەی گۆڕەکەیان و جیاکردنەوەی رووفاتەکان، دروستکردنی مۆنۆمێنتێکە بۆ ئەو شەهیدانە."
لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لەکاتی پێشوازیکردن لە ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی دەکان رایگەیاند، "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ خزمەتکردنی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی کوردستان بە گشتی و زیندووهێشتنەوەی یاد و یادەوەریی ئەو شەهیدانە لە بیر و زیهنی گەلەکەماندا."
نەوزاد زوبەیر دەڵێت، "پیاوانی گوندەکەی ئێمە پێشمەرگەبوون لەگەڵ مستەفا بارزانی، لەبەرئەوەش سوپای ئەوکاتەی عێراق هێرشیکردە سەر گوندەکەمان."
ئەوانەی لەو ئەشکەوتەدا شەهیدکراون، ژمارەیان 75 کەسە، بەڵام تەنیا 54 شەهیدیان تۆمارکراون و 21یان هێشتا تۆمار نەکراون چونکە میراتگریان نەماون.
ئامینا عیسا، ئەو تاکە ژنەی کە لە رووداوەکەدا رزگاری بووە، پێشتر باسی رووداوەکەی بۆ رووداو کردبوو و گوتبووی "ههردوو منداڵهكهم لەبەرچاوم سووتان، بەشێکی جەستەی خۆشم سووتا، بەڵام لە کۆتاییدا من رزگارم بوو."
ئەشکەوتی دەکان سەر بە ناحیەی ئەترووشە لە سنووری قەزای شێخانی پارێزگای دهۆک، ئێستاش بەردەوام سنوورەکەی لەلایەن تورکیاوە تۆپباران دەکرێت، چونکە جموجوڵی گەریلای پەکەکە لەو سنوورە هەن. بە گوتەی نوێنەری کەسوکاری شەهیدانی دەکان ئێستا تەنیا چوار ماڵی تێدا ماوە و ئەوانی دیکە لە ترسی بۆردوومان و شەڕ گوندەکەیان جێهێشتووە.
تائێستا گوندی دەکان، "کەمترین خزمەتگوزاری" پێشکێشکراوە، لەوبارەوە سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی قەزای شێخان بە رووداوی راگەیاند، فەرمانی قیرتاوکردنی رێگەی گوندی دەکان دەرچووە و ئێستا لە تەندەرینگدایە، پڕۆژەکە بە دوو قۆناخ جێبەجێ دەکرێت، لە قۆناخی یەکەمدا 400 ملیۆن دینار و لە قۆناخی دووەمدا 500 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە.
سەردار شێخ یەحیا ئاماژەی بەوەکرد، دەکان، جگە لەوەی گوندی شەهیدان، ناوچەیەکی گەشتیاری و گوندێکی مێژووییشە، بۆیە ئەوەی لەتواناماندا بێت بۆ گوندەکە دەیکەین.