هەیکەلی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چۆن دەبێت و دەسەڵاتی یەکەم لای کێ دەبێت؟
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە 21-08-2022 هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی یەکیان گرتەوە و وەک یەک حیزب بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کار دەکەن.
رێککەوتنەکە لە نێوان مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستان واژۆ کراوە و بەرپرسێکی باڵای حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش دەڵێت، "هەردوولا لەسەر هەموو خاڵ و بەندەکان رێککەوتوون و ئێستا یەک حیزبن".
بە گوێرەی رێککەوتنی نێوانیان، تاوەکو بەستنی کۆنگرە، کۆمیتەیەکی 12 کەسی حیزب بەڕێوەدەبات. کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە رووداوی گوت: مستەفا هیجری سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەبێت و خالید عەزیزیش دەبێتە گوتەبێژی حیزب.
کاوە بەهرامی ئاماژەی بەوەکرد، ناوی حیزب دەبێتە "حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" و لۆگۆی (حدکا)ش دەبێتە لۆگۆی هاوبەش.
بەرپرسی دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حدکا، لەبارەی کۆنگرەی داهاتووی حیزبەکەوە گوتی: لیژنەیەک پێکهێنرا کە لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی شەش مانگ تاوەکو یەک ساڵ ئامادەکاری بکات بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی هاوبەش. "مستەفا هیجری تاوەکو کۆنگرەی داهاتوو وەکو سکرتێری گشتیی حدکا دەمێنێتەوە و خالید عەزیزیش وەکو گوتەبێژ".
"لەسەر هەموو بەندەکان رێککەوتوون"
کەمال کەریمی، ئەندامی ناوەندیی بەڕێوەبەری گشتیی حدکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەردوو حیزب بەتەواوی یەکیان گرتووەتەوە و لەسەر هەموو خاڵ و بەندەکان رێککەوتوون. هەروەها دەشڵێت، "ئێستا تەنیا یەک حیزبمان هەیە و هەموومان ئەندامی ئەو حیزبەین بەناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)".
دوێنی یەکشەممە 22-08-2022 هەردوو پارتەکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە دا، "لە ئەمڕۆ بە دواوە کۆتایی بە تێکۆشانی بەجیای هەردوو لای دیموکرات دێت. رێکخراوە و ئۆرگان و دامەزراوەکانی هەردوو حیزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵات، بەپێی رێککەوتنە دوو لایەنییەکان و رێوشوێنە دیاریکراوەکان و لەژێر رێنوێنی و چاودێریی رێبەرییەکی هاوبەشدا، لەژێر ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا، یەک دەگرنەوە و درێژە بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن."
هەروەها لەبارەی کاری داهاتوویانەوە ئاماژە بەوە دراوە، "گومانی تێدا نییە کە یەکگرتنەوەی حیزبی دیموکرات، دەبێتە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە خەباتی ئەم حیزبە لە دژی رێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەدژی هەر عەقڵییەتێکی ناوەندگەرا کە فرەنەتەوەبوونی ئێران و مافە نەتەوەییەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران رەتبکاتەوە".
"دوای یەکگرتنەوە پێشوازیی لە سەرجەم ئەندامە زویربووەکانمان دەکەین"
کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باسی پلانی حیزب لە دوای یەکگرتنەوە بۆ ئەندامە زویربووەکان دەکات و دەڵێت: "پێشوازیی لە هەموویان دەکەین و پێمان خۆشە بگەڕێنەوە نێو کار و خەباتی سیاسی".
باباعەلی مێهرپەروەر، ئەندامی پێشووی دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لەبارەی رێککەوتنی ئەو دوو حیزبە کە پێشتر بڕیاری لەسەر درا بوو و دوێنێ راگەیێندرا، رۆژی 04-08-2022 بە رووداوی گوت: "رێککەوتنی هەردوو حیزب موژدەیەکی خۆش بوو، جەماوەری هەردوولای دڵخۆش کرد، ئەو دابڕانە چەند زیانی لە جووڵانەوە و شۆڕشی کورد دا، یەکگرتنەوەش ئەوەندە سوودی بۆ دەبێت".
باباعەلی مێهرپەروەر ئاماژەی بەوە کرد، پێشتر لەگەڵ بەرپرسی یەکەمی هەردوولا کۆبووەتەوە و بەوردی باسی یەکگرتنەوەیان کردووە، هیچ شتێک بێ کەموکوڕی نابێ، بەڵام تاوەکو ئەو رادەیەی کە پێویستبووە کاریان کردووە و ئومێدی سەرکەوتنیان بۆ دەکات.
لە 16 ساڵی رابردوودا، هەردوو حیزب لێکدووربوون و ماوەیەکیش پەیوەندییەکانیان گرژی تێکەوت. باباعەلی مێهرپەروەر دەڵێت: "ئەمە کاریگەریی نەرێنی هەبووە، ئێستا دەبێ سەرکردە و ئەندامانی هەردوولا بە دڵ و گیان لەگەڵ یەکدیبن و دان بە هەڵەی خۆیاندا بنێن و وانەی لێوەربگرن، جیابوونەوەکە چۆن خەڵکی نائومێدکرد و دووژمنی دڵخۆش کرد، یەکگرتنەوەکە گوڕوتینی باش دەدات بە هەردوولا و جەماوەریش، لە رووی سیاسی و ئابووریشەوە سوودی بۆیان دەبێت".
ئەو بەرپرسەی پێشووی حدکا کە لە سوێدەوە قسەی بۆ رووداو کرد، ئاماژەی بەوەش کرد، "دوای ئەم یەکگرتنەوە، دووژمن بێکار دانانیشێ، دەبێ هەردوولا بە دڵ و گیان یەکدی قبووڵبکەن و هەوڵبدەن هەڵەکان راستبکەنەوە و بەیەک دەست رووبەڕووی کێشە و بەربەستەکان ببنەوە".
حیزبی دیموکرات و جیابوونەوە
حیزبی دیموکرات لە 16ی ئابی 1945 لە شاری مهاباد لەسەر بناخەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ-ک) دامەزراوە، یەکەم رێبەری حیزبەکە پێشەوا قازی محەممەد بوو، دواتر ئەحمەد تۆفیق و دوای ئەویش عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو. سەرەتا بە ناوی (حیزبی دیموکراتی کوردستان) دامەزرا، بەڵام دواتر ناوەکەی گۆڕدرا بۆ (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران).
لە دوای كۆنگرەی 13یەم، بەهۆی تێڕوانینی جیاواز لە بەڕێوەبردن، حیزبەکە جیابوونەوەی تێکەوت و بە فەرمی لە 16ی كانوونی یەكەمی 2006 حیزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفرانسێكی میدیایی لە هەولێر جیابوونەوەی خۆی لە حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران راگەیاند.
دوای ئەو جیابوونەوەیە، بۆ یەکەمجار هەردوو حیزب دوای چوار ساڵ کۆبوونەوە، دواتر کۆبوونەوەکان تاوەکو ئاستی دەفتەری سیاسی و کەسانی یەکەمی هەردوولا رۆیشت، بەڵام ئەنجامیان نەبوو.
"یەکگرتنەوەیەکی سەخت، بەڵام هیوابەخش"
مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پرۆسەی یەکگرتنەوەی بە "سەخت" بەڵام بە "هیوابەخش" لە قەڵەمدا و رۆژی 3ی ئابی 2022 گوتی: "لێکدابڕان، زیانی بە یەکگرتوویی خەباتی حیزبی دیموکرات" گەیاندووە و پێداگری کردووە بە یەکگرتنەوە "قەرەبووی قۆناخی دابڕان" بکرێتەوە و "گوڕوتینێکی پتر بە جووڵانەوەی" رۆژهەڵاتی کوردستان بدرێت.
هەروەها خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانیش، لە کۆبوونەوە هاوبەشەکەدا گوتی: "بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد و هەنگاوی کاریگەر لە سەرخستنی خەباتی نەتەوەکەمان ریزەکانمان یەکدەخەینەوە."
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆتاییەکانی پاییزی ساڵی 2006 جیابوونەوەی تێکەوت. لە 10 ساڵی رابردوودا چوار جار هەوڵی یەکگرتنەوەیان دا، دوایینجار زیاتر لە ساڵ و نیوێکە شاندی یەکگرتنەوەی دوو لایەن دانوستاندنیان کردووە.
دوو لایەنی دیموکرات رێککەوتنیان لەسەر بابەتی سیاسی، رێکخستنەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی حیزب تاوەکو کۆنگرەی هاوبەش و تەنانەت کۆنگرەی هاوبەشیش کردووە.
هەردوو لایەن رێککەوتن ناوەندێکی 12 کەسی، بەناوی ناوەندی بەڕێوەبەری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێک و تاوەکو یەکەم کۆنگرەی هاوبەش، حیزب بەڕێوە دەبات. بەرپرسی ناوەندەکە کەسی یەکەمی حدکا و گوتەبێژەکەشی کەسی یەکەمی حدک دەبێت.
دوو لایەنی دیموکرات تاوەکو ساڵی 2012 هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نەبوو. ساڵی 2012 بە هەوڵی فریدریک تیسۆ، کۆنسوڵی ئەو کاتی فەرەنسا لە هەولێر، کەسانی یەکەمیان (مستەفا هیجری و خالید عەزیزی) لە کۆنسوڵخانەی فەرەنسا کۆبوونەوە.