کەسوکاری قوربانییانی رووداوە هاتووچۆکەی نەغەدە بە گریانەوە پێشوازی لە تەرمی کوڕەکانیان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
تەرمی سێ هاونیشتمانی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوێکی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا، گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان و کەسوکاریان بە گریانەوە پێشوازییان لێکردن.
رۆژی 19-08-2022 لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەنێوان نەغەدە و پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان چوار هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.
شۆفێرەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ناوی ئالان محەممەدە کە نزیکەی 20 رۆژ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو. سێ هاونیشتمانییەکەی دیکەش خەڵکی گوندی کێلێن سەر بە قەزای ئاکرێ کە بە مەبەستی گەشتوگوزار چووبوونە رۆژهەڵاتی کوردستان.
یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستدا ناوی فەخری زێرۆیە، تەمەنی 51 ساڵە و باوکی حەوت منداڵە. یەکێکی دیکەیان ناوی مەقسود رۆستەمە کە پێشمەرگەیە و تەمەنی 51 ساڵە، ئەو چوار منداڵی هەبوو. عەلی حەمدیش پێشمەرگەیە و تەمەنی 41 ساڵە، ئەو سێ منداڵی هەبوو.
تەرمەکان لە تەنیشت یەکدی بەخاک نەسپێردران، چونکە فەخری پێشتر وەسیەتی کردبوو، ئەگەر مرد لای براکەی بەخاکی بسپێرن کە لە شەڕی داعش شەهید بوو. مەقسودیش لەسەر وەسیەتی خۆی لە تەنیشت دایکی بەخاکسپێردرا.