سەرۆك بارزانی بۆ مامۆستایان: كار بۆ قووڵكردنەوەی هەستی نیشتمانپەروەری و پێكەوەژیانی سیاسی بكەن
رووداو دیجیتاڵ
لەدرێژەی سەردانەكەی بۆ دەڤەری بادینان و كۆبوونەوەی لەگەڵ چین و توێژەكانی ئەو دەڤەرە، ئەمڕۆ سەرۆك بارزانی لە دهۆک لەگەڵ مامۆستایانی زانكۆ و پەروەردە و ئاكادیمیەكانی سنووری دەڤەری بادینان كۆبوووە و داوای لێکردن، كار بۆ قووڵكردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و پێكەوەژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بكەن.
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئابی 2023، بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵی سەرەكیی مامۆستایان لە پێگەیاندنی گەنجان و پێشخستنی كۆمەڵگە و زانست، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مامۆستایانی زانكۆ كرد "كە لە هەموو بارودۆخێكدا لە سەنگەری پێگەیاندن و زانست بوونە و دڵسۆزانە خزمەتی خەڵكی كوردستانیان كردووە و نەیانهێشتووە پڕۆسەی خوێندن و فێركردن رابگیرێت."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستووەتە سەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردووەتە، هەموو هەوڵێكی خۆی دەدات بۆ فەراهەمبوونی زەمینە بۆ یەكبوون و یەكدەنگیی نێوان لایەنەكان. هەروەها ئەوەشی باس كرد كە "جیاوازیی بیروڕا بابەتێكی سرووشتییە، بەڵام پێویست دەكات لەسەر ئامانجە ستراتیژی و نیشتیمانییەكان لەنێوان لایەنەكان هاوڕاییەكی تەواو هەبێت."
سەرۆك بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە مێژووی دەوڵەتی عێراق دا "كە لەسەر بنەمای شەراكەتی كورد و عەرب دامەزرا، بەڵام ئەو شەراكەتە پشتگوێخرا و بەشی كوردستان جینۆساید و هەوڵی لەناوبردنی میللەتەكەمان بوو و لەدوای رووخانی رژێمی پێشوو ئەو دەرفەتە هاتە پێش، كە عێراق لەسەر بنەماكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق و بەپشتبەستن بە دەستوور ژیانێكی تازە دەستپێبكات، بەڵام دیسانەوە پشت لەو بنەمایانە و دەستوور كرا و نیەتی لاوازكردنی هەرێم و برسیكردنی خەڵكی كوردستان لەناو بەشێك لە دەستەڵاتدارانی عێراقی پەیدا بوو." هەر پەیوەست بەم بابەتە و دوایین هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، سەرۆك بارزانی ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی لە ئەنجامی سەردانی ئەم دوایەی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئاگادار كردەوە.
هاوکات، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو تەوژمە دا "كە بەنیازە نائومێدی بڵاوبكاتەوە و هەستی نیشتیمانپەروەری و بەهاكان لەناو كۆمەڵگەدا نەهێڵێت" و، داوای كرد مامۆستایان رووبەڕووی ئەو تەوژمە ببنەوە و كار بۆ قووڵكردنەوەی هەستی نیشتیمانپەروەری و پێكەوەژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی بكەن.
سەرۆك بارزانی باسی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ بونیاتنانی پەروەردە و دۆزینەوەی دەرفەتی كار بۆ گەنجان و سەرچاوەكانی دیکەی داهات بۆ هەرێم و دۆزینەوەی هۆكارەكانی كۆچ و رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەر و، داواشی لە مامۆستایان و ئاكادیمیكاران كرد لەو ئەركەدا هاوكار و پاڵپشت و رێنیشاندەری حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بن.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی راگۆڕینەوە و پرسیار و پێشنیار بۆ ئامادەبووان كرایەوە و سەرۆك بارزانی بەرچاوڕوونی و وەڵامی پێویستی بۆ تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە دایەوە.