ئاسایشی سلێمانی: 20 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیر کران

رووداو دیجیتاڵ 

ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایش، لەناو شاری سلێمانی 20 تۆمەتباری بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەریان دەستگیر کردووە و دەست بەسەر سێ دەمانچە و 70 ملیۆن دیناری عێراقیدا گیراوە.  
 
رۆژی سێشمەممە، 22ـی ئابی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان "لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ دەستگیرکرنی بازرگان و بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان و رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی ئەو مادانە کە کاریگەری خراپیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، بەبڕیاری دادوەر  لە چەند هەڵمەتێکی جیادا لە سەرەتای مانگی 8ـی 2023، 20 بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر دەستگیر کران."
 
ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت، دەستیان بەسەر بڕێک مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی تلیاک، حەشیش، ئەفیون، کریستاڵ، مەریوانەدا گرتووە "کە تۆمەتباران مامەڵەیان پێوە کردووە و بەکاریان هێناون." 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، تۆمەتباران خەڵکی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمن، تەمەنیان لە نێوان 23 بۆ 50 ساڵدایە و سێ لە تۆمەتباران لە رەگەزی مێ-ن، لەکاتی دەستگیرکردنیان دەستگیرا بەسەر سێ دەمانچە و بڕی 70 ملیۆن دیناری عێراقیدا.
 
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، تۆمەتباران بە مادەکانی (25، 26، 30) راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.