دەستەی وەبەرهێنان: پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی داهاتوو بۆ کەمدەرامەت و کرێچییان دەبن


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پڕۆژە نیشتەجێبوونەکانی داهاتوو بۆ خەڵکی کەمدەرامەت و کرێچی دەبن و چەندین بانک و وەبەرهێنەرێک ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە نرخی هەرزان و قیستی مانگانەی گونجاو بۆ خەڵکانی کەمدەرامەت. دەشڵێت، بە رواڵەت رەنگە وا دەرنەکەوێت، بەڵام ئێستا کرێی کارەبا لەسەر دانیشتووانی سیتییەکان هەرزانتر دەکەوێت.
 
د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، باسی چەند پرسێکی تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە نرخ و کوالێتی و خزمەتگوزارییەکان کرد و گوتی، خزمەتگوزاریی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە رێگەی فەرمانگەکانی وەبەرهێنانەوە چاودێریی دەکرێن و لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش لیژنەی تایبەتی چاودێری کوالێتیی پڕۆژەکان پێکهێنراون.
 
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ئێستا پێداچوونەوە بە کوالێتی و کۆدە ئەندازیارییەکانی بیناسازیی لە هەرێمی کوردستان کراوە و لە هەموو پڕۆژەکاندا چەندین تایبەتمەندی رەچاو دەکرێن بەتایبەتی توانای خۆڕاگری بەرامبەر بوومەلەرزە و رێکارەکانی سەلامەتی.
 
پرسێکی دیکە ناوی پڕۆژەکانە، پێشتر هیچ یاسا و رێنوێنییەک نەبوو تاوەکو وەبەرهێنەران ناچار بکات کە ناوی کوردی لە پڕۆژەکانیان بنێن، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، ئێستا گشتاندنێک دەرکراوە کە ناوی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و تاوەر و باڵەخانەکان پێویستە کوردی بن و ئەگەر وەبەرهێنەرێک بیەوێت ناوێکی بیانی لە پڕۆژەکەی بنێت، ئەوا پێویستە تێکەڵی ناوێکی کوردی بکرێت و سیمای کوردی بە پڕۆژەکەوە دیاربێت، تەنانەت گشتاندنەکە بەجۆرێکە کە لە داهاتوودا وەبەرهێنەران دەتوانن ناوی ئەو پڕۆژانەش بگۆڕن بۆ ناوی کوردی کە پێشتر دروستکراون و ناوی بیانییان لێنراوە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان باسی لە کرێ و سیستمی کارەبا کرد و گوتی: ئێستا سیستمی پریپەید لەسەر 50 پڕۆژەی نیشتەجێبوون خراوەتەکار و لە دەستنیشانکردنی پارەی یەکەکانیشدا رەچاوی دۆخی دارایی هاونیشتمانییان کراوە.
 
بەشێک لە دانیشتووانی سیتییەکان گلەییان لە نرخی کیلۆواتی کارەبا هەیە کە زیاتر لە 150 دینارە، د. محەممەد شوکری ئاماژەی بەوەکرد، لە روواڵەتدا وا دەردەکەوێت کە کرێی کارەبای سیتییەکانی نیشتەجێبوون گران کراوە، بەڵام بە کۆی گشتی کرێی کارەبا ئێستا کەمتر دەکەوێت لەسەر هاونیشتمانییان بەراورد بە پێش خستنەکاری سیستمی پریپەید، چونکە پێشتر هاونیشتمانییان ناچاربوون دوو کرێی کارەبا بدەن کرێیەکی کارەبای گشتی و کرێیەکی موەلیدەکان، بەڵام ئێستا بە هەمووی یەک کرێ دەدەن و کارەبایەکی بەردەوام و بێ بچڕانیان بۆ دابینکراوە، ئەوە جگە لە سوودە ژینگەیی و تەندروستییەکانی راگرتنی کارکردنی موەلیدەکان.
 
پێشتر تۆڕی میدیایی رووداو بڵاویکردەوە کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کورستاندا سێ هەزار و 359 پڕۆژەی جۆراوجۆر جێبەجێکراون و مۆڵەت بە 786 کارگە دراوە، لە کۆی پڕۆژەکاندا هەولێر زۆرینەی بەرکەوتووە، دواتر سلێمانی، پاشان دهۆک و هەڵەبجە. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رووداو لە ئەنجوومەنی وەزیران دەستی کەوتوون، دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە 277 پڕۆژە لە 11 سێکتەری جیاوازدا داوە بەمشێوەیە:-
 
پیشەسازی: 80 مۆڵەت. بازرگانی: 69 مۆڵەت. گەشتیاری: 39 مۆڵەت. فێرکردن: 25 مۆڵەت. نیشتەجێبوون: 22 مۆڵەت. تەندروستی: 20 مۆڵەت. کشتوکاڵ: 11 مۆڵەت. وەرزشی: حەوت مۆڵەت. بانک: دوو مۆڵەت. خزمەتگوزاری: یەک مۆڵەت و هونەری یەک مۆڵەت.