دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان چوار تۆمەتبار دەستگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند و دەڵێت، "مامەڵەیان بە پارچەکانی شوێنەوارەوە کردووە."
ئەمڕۆ سێشەممە، 22-08-2023، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو چوار کەسە بڵاوکردەوە و گوتی، ئاسایشی راپەڕین لە ماڵیکدا دەستیان گرت بەسەر چەندین سکە و پارچەی مێژوویی و شوێنەواری و چوار تۆمەتباریشیان دەستگیر کرد.
لە راگەیێندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "هێزەکانی ئاسایش بە پشتبەستن بە بەدەستهێنانی زانیاری و بەدواداچوون، بە بڕیاری دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایش لە رۆژی، 17-08-2023، توانییان چوار تۆمەتبار دەستگیر بکەن، هەستاون بە مامەڵەکردن بە چەندین (سکەی) قەبارە جیاواز و (دوو پەیکەری) هونەری مێژووییش دەستیان بەسەرداگیرا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەر چوار تۆمەتبارەکە دانیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕینن و بە ماددەی 34 لە یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2021ـی شوێنەوار راگیراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.