یەکێتیی مامۆستایان ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەکات؛ 60 هەزار مامۆستا مافی دەنگدانیان هەیە
رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە رێگەی لیژنەیەکەوە ئامادەکارییەکانی بۆ کۆنگرە دەستیپێکردووە. سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، 60 هەزار مامۆستا مافی خۆبەربژێرکردن و دەنگدانیان هەیە.
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئابی 2023، عەبدولواحید محەممەد، سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یەکەم هەنگاوی بەستنی کۆنگرەمان دەستپێکردووە کە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەیە؛ رێککەوتووین کە ئەندامانی کۆنگرە 250 بۆ 300 کەس زیاتر نەبن".
سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت، هەموو کەس و لایەنێک دەتوانێت لیستی هەبێت بۆ هەڵبژاردن، بەو مەرجەی 100 مامۆستا پشتیوانی لیستەکە بکات.
لە ساڵی 2013ـەوە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان کۆنگرەیان نەبەستووە، لەکاتێکدا بەگوێرەی پەیڕەوی یەکێتیییەکە، دەبێت چوار ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستن. عەبدولواحید محەممەد دەڵێت، ساڵی 2016 ئامادەکارییان بۆ کۆنگرە کردووە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش، دۆخی سیاسی و ئابوورییەوە نەیانتوانیوە کۆنگرە بکەن. گوتیشی، "ساڵی 2019ش ئامادەکارییەکانمان بۆ کۆنگرە تەواو کرد، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە بەڕێوەنەچوو".
سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایان ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ کۆنگرە 60 هەزار مامۆستا ناسنامەیان نوێکردووەتەوە و مافی خۆبەربژێرکردن و دەنگدانیان هەیە.
ئەندامبوون لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ناچاری نییە و مامۆستایان ئازادن ببن بە ئەندام یان نا.