فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ: دۆخی سلێمانی بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی کۆماندۆ لەبارەی شەڕەکەی لالەزار دەڵێت، ''دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە و هەموو یاساشکێنان دەستگیر کراون''. دەشڵێت، "بە تووندترین شێوە بەرەنگاری ئەو کەسانە دەبنەوە کە پابەندی یاساکان نابن." 
 
ئەمڕۆ هەینی 22-08-2025 دیار عومەر، فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لەکاتی بەخاکسپاردنی کارمەندێکیان لە کەرکووک کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکەی هۆتێل لە لالەزاری سلێمانییەوە کوژرا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: ''ئەم پێشمەرگە قارەمانانە، لەپێناو ئەرکێکی زۆر پیرۆزدا ژیانی خۆیان بەخت کرد، ئەویش ئەرکی پاراستنی سەروەریی یاسا بوو.''
 
دیار عومەر جەختی لەوە کردەوە، ''پاراستنی سەروەریی یاسا و گەڕاندەوەی دەسەڵات بۆ دادگەکان ئەرکی ئێمەیە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بوو، کاتێک بانگهێشتی دادگە کرا، دەبێت ملکەچی فەرمانەکە بێت.''
 
فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ گوتیشی، ''بە تووندترین شێوە سزای ئەو کەسانە دەدەین کە پابەندی یاسا نابن و  دەیانگەیێنینە بەردەم دادگە.''
 
شەوی پێنجشەممە 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کرد و گوتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
 
دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە و گیانلەدەستدانی سێ کارمەندی هێزە ئەمنیییەکان و پاسەوانێکی لاهوور شێخ جەنگی، شەڕەکە کۆتاییهات و، لاهوور و دوو برای بە ناوەکانی ئاراس و پۆلاد دەستگیر کران.
 
دیار عومەر ئاماژەی بە دۆخی ئەمنیی دەوروبەری هۆتێل لالەزار کرد، کە دەکەوێتە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی و گوتی، ''دۆخی ئەو ناوچەیە ئارامە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەواو کۆنترۆڵکراوە و هیچ شەڕ و پێکدادانێک لەئارادا نییە.''
 
فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم ''یاساشکێنان'' کە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی بوون، دەستگیر کراون و رادەستی دادگە کراون.
 
فەرمانی دەستگیرکردنەکەی لاهوور شێخ جەنگی بەگوێرەی مادەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی بووە، کە پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک کە سەرچاوەکانی یەکێتی دەڵێن، هەوڵی کودەتای داوە و گوایە ویستوویەتی ئاسایشی سلێمانی تێکبدات.