جێگری پارێزگاری سلێمانی: لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی شەڕەکەی لالەزار پێکهێندراوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێت، لیژنەیەک بۆ خەمڵاندنی زیانەکانی شەڕەکەی لالەزار پێکهێندراوە و سەردانی هەموو ماڵەکانی دەوروبەری هۆتێلەکە دەکات. دەشڵێت، لەسەر راسپاردەی سەرۆکی یەکێتی، قەرەبووی سەرجەم زیانلێکەوتووان دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 22-08-2025 شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ تیمێک سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن، کە بەهۆی شەڕەکەی لالەزارەوە زیانیان بەرکەوتووە.
شاهۆ عوسمان بە پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، ''دڵخۆشین بەوەی خەڵکی گەڕەکەکانی دەوروبەری هۆتێل لالەزار هیچ زیانێکی گیانییان بەرنەکەتووە.''
جێگری پارێزگاری سلێمانی گوتی، لەسەر راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەیەک خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکات و بەپێی ئەو پلانەی کە هەیە، ئەو ئۆتۆمبێل و خانووانەی کە بۆ چاککردنەوە دەبن، چاکدەکرێنەوە و ئەوەی پێویستیشیان بە قەرەبووکردنەوە هەیە، قەرەبوو دەکرێنەوە.
شاهۆ عوسمان گوتیشی، ''بێگومان سەردانی هەموو شوێنەکان دەکرێت و سەرجەم زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە.''
شەوی پێنجشەممە 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل-یان کرد و گوتیان، فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە و گیانلەدەستدانی سێ کارمەندی هێزە ئەمنیییەکان و پاسەوانێکی لاهوور شێخ جەنگی، شەڕەکە کۆتاییهات، لاهوور شێخ جەنگی و دوو برای بە ناوەکانی ئاسۆ و پۆڵاد دەستگیر کران.
جێگری پارێزگاری سلێمانی لەبارەی رووداوەکەی لالەزارەوە گوتی، ''ئێمە وەک ئیدارەی سلێمانی، هیچ کەسێک لە سەرووی یاسا نابینین و پێویستە بە یەکسانی بۆ هەموو لایەک جێبەجێ بکرێت. ئەگەر کەسێک لە یاسا دەربچێت، تیمەکانی ئەمنی رووبەڕووی دەبنەوە.''
لەبارەی دۆخی ئەمنیی سلێمانی، شاهۆ عوسمان دەڵێت، ''بێگومان ئێستا زۆر ئارامە، هیچ گرژییەک لەئارادا نییە و تەواوی بازاڕ، کۆڵانەکانی سلێمانیمان بەسەرکردووەتەوە و دۆخەکە زۆر ئاساییە.''
بە گوتەی رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ رووداو، هێزێکی ئەمنی بە چەکی سووک و قورسەوە چوونەتە سەر کەناڵی ئاسمانیی زووم، کە بە میدیای بەرەی گەل دادەنرێت.