بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ رووداو: تاقیکردنەوەی خولی دووەم دواناخرێت

 
هەولێر دیجیتاڵ

ژمارەیەک قوتابی پۆلی 12 لە سلێمانی داوا دەکەن تاقیکردنەوەی خولی دووەم دوابخرێت، ئەوەش بەهۆی دۆخی بەیانیی ئەمڕۆی سلێمانی. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "دواناخرێت."
 
ئەمڕۆ هەینی 22ی ئابی 2025 نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نەدراوە و تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12 دواناخرێن."
 
رۆژی 21ی تەممووزی 2025، وەزارەتی پەروەردە لە نووسراوێکدا خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی 12ی ئامادەیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی 23ـی ئابی 2025 یەکەم تاقیکردنەوەی خولی دووەم کاژێر 07:30ی بەیانی بەڕێوەدەچێت.
 
هەر ئەمڕۆ پەیوەند خالید، قوتابی پۆلی 12 وێژەیی لە سلێمانی بە رووداوی گوت، "بە نوێنەرایەتی کۆمەڵێک قوتابی کە ماڵمان لە نزیک هۆتێل لالەزارە، داوا لە وەزیری پەروەردە و لایەنی پەیوەندیدار دەکەین تاقیکردنەوەکانی خولی دووەممان بۆ دوابخەن."
 
بە گوتەی ئەو قوتابییە، بەهۆی شەڕەکەوە ماڵەکانیان چۆڵ کردووە و ناتوانن وانەکانیان بخوێنن.
 
یەکەم تاقیکردنەوە بۆ بەشی زانستی بە وانەی زیندەزانی و بۆ بەشی وێژەیی بە مێژوو دەستپێدەکات. تاقیکردنەوەکان تاوەکو 8ـی ئەیلوولی 2025 بەردەوام دەبن و هەفتانە سێ تاقیکردنەوە دەکرێن.
 
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی، "بڕیاری دواخستن لە دەسەڵاتی ئێمە نییە و پێویستە وەزارەت ئەو بڕیارە بدات، چونکە پەیوەندی بە هەموو هەرێمی کوردستانەوە هەیە. هاوکات زیاتر لە مانگێکە خشتەی تاقیکردنەوەکان بڵاوکراوەتەوە و پێویستە تاوەکو ئێستا قوتابی خۆی ئامادە کردبێت."
 
رۆژی 1ـی حوزەیرانی 2025، تاقیکردنەوەی خولی یەکەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە 2,017 هۆڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.