شادوومان مەلا حەسەن: هەوڵ دەدەین دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی بگوازینەوە بۆ بەغدا
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دیاری بەرەی گەل دەڵێت، "دوای دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، کاروباری حیزبەکە بەردەوام دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵ دەدەن دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگی بۆ بەغدا بگوازرێتەوە.
شادوومان مەلا حەسەن، یەکێک لە ئەندامە دیارەکانی بەرەی گەل لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا کە نوێنەری فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، "بەرەی گەل حیزبێکی رێگەپێدراوە و بەرەیەکی جەماوەرییە، دوای دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگییش لە کارەکانی خۆی بەردەوام دەبێت."
ئەو ئەندامەی بەرەی گەل گوتیشی، "لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ هاوکارانمان لە بەرەی گەل کۆدەبینەوە، تاوەکو بزانین لەم قۆناخە و قۆناخی داهاتوودا چۆن کاروباری رەوتەکە بەڕێوەببرێت."
ئەو کەسایەتییەی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەش کرد، "بەرەی گەل ئۆرگان و رێکخستنی نییە و بەرەیەکی جەماوەرییە، هەر بۆیە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی ئەگەر لە ئاستێکی دیاریکراویش بێت، کاریگەریی لەسەر کاروباری حیزبەکە هەبێت، لە ئاستی جەماوەری گڕوتینی دەنگدەرانمان زیاتر دەکات. بەردەوام دەبین لە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق."
"هێرشەکە پێشبینی نەکراو بوو"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا شادوومان مەلا حەسەن باسی لە شەڕەکەی بەرەبەیانیی رۆژی هەینی سلێمانی، بە دیاریکراویش هێرشی سەر لالەزار کرد و گوتی، "هێرشەکە بەو قەبارەیە پێشبینی نەکرابوو. لەدوای رووداوەکانی 8ی تەممووزەوە بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرش کراوە و ناوبەناویش دەنگۆی جووڵاندنی هێز دژی بەرەی گەل بڵاوکراوەتەوە، بەڵام ئەنجامدانی هێرش بە تانک و چەکی قورس بۆسەر هۆتێلێک لە نێوجەرگەی سلێمانی، پێشبینی نەکراوبوو، تەنانەت خودی لاهوور شێخ جەنگی پێشبینیی نەکردبوو هێرشەکە بەو ئەندازەیە بێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شادوومان مەلا حەسەن رایگەیاند، "لاهوور شێخ جەنگی پێشبینیی نەدەکرد ناکۆکییەکە بگاتە ئەو ئاستە و کاتێکیش شەڕ یەخەی گرتین، ناچار بووین داکۆکی لە خۆمان بکەین، ئەگەرنا لە سەروبەندی 8ی تەممووزدا لاهوور شێخ جەنگی دەیتوانی شەڕ بکات و رووبەڕوویان ببێتەوە، زیانی زۆریشیان پێ بگەیێنێت؛ بەڵام هیچکات ئێمە لەگەڵ شەڕ و ئاڵۆزی و رشتنی خوێن نەبووین و پێمان وابووە ناکرێت ناکۆکییە سیاسییەکان پەلبکێشن بۆ رشتنی خوێنی هاونیشتمانییان."
لەبارەی رۆڵی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە هێرشکردنە سەر لالەزار و دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، ئەو ئەندامەی بەرەی گەل گوتی، "هێزە ئەمنییەکان فەرمانیان لە حیزب وەرگرتووە، دادگا و یاسا لەم دۆسێیەدا لە بەرژەوەندیی حیزبی و کەسی بەکارهێندراون، دەنا ئەگەر بەپێی یاسا بێت، ئەوا لاهوور شێخ جەنگی لە لایەک ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە و لە لایەکی دیکە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، ناکرێت هێزی حیزبی بەو جۆرە بنێردرێتە سەر ماڵەکەی و بە تانک و چەکی قورس تەقە لە ماڵەکەی بکرێت."
"گواستنەوەی دۆسیەی دادگاییکردن بۆ بەغدا"
شادوومان مەلا حەسەن باسی لە بابەتی دادگاییکردنی لاهوور شێخ جەنگیش کرد و گوتی، "لە سلێمانی دادگاکان بۆ بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی بەکاردەهێندرێن، متمانەمان بە دادگا و سەروەریی یاسا نییە لە سلێمانی، هەربۆیە هەموو هەوڵێک دەدەین دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی بگوازرێتەوە بۆ دادگاکانی بەغدا، نامانەوێت لە سلێمانی دادگایی بکرێت، ئینجا تۆمەتەکانی هەرچییەک بن."
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "لاهوور شێخ جەنگی پێشتر بە هیچ جۆرێک ئاگادار نەکراوەتەوە کە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، لە چەند کاژێرێکدا سکاڵای لەسەر تۆمارکرا و بێ ئاگادارکردنەوە تانک و چەکی قورسیان ناردە سەر ماڵەکەی و دەستگیریان کرد، ئیدی چۆن متمانە بەو دادگایانە دەکرێت؟ هەربۆیە هەموو هەوڵی ئێمە بۆ دۆسیەکە ئەوەیە، بگوازرێتەوە بۆ دادگاکانی بەغدا و یاسا سەروەر بێت، هەر تۆمەتێکیان ئاراستە کردبێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."
شادوومان مەلا حەسەن باسی لەوەش کرد، ئەوان هیچ زانیارییان نییە لەبارەی شوێنی دەستبەسەرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، "هێندە زانیاریمان هەیە دوای دەستگیرکردنی براوەتە دەباشان، بەڵام دوای ئەوە زانیاریمان لەبارەیەوە نەماوە و نازانین لە کوێ دەستبەسەرە." پشتڕاستیشی کردەوە، رۆژی هەینی ژینۆ محەممەد و فێنک ئەحمەد ئازاد کراون.
"چارەنووسی کەناڵی زووم"
لەبارەی شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی تاوەکو کاتی دەستگیرکردنی، شادوومان مەلا حەسەن باسی لەوە کرد، "هۆتێل لالەزار کە ئێستا وێران کراوە، بە تاپۆ موڵکی باوکی هاوژینەکەی لاهوور شێخ جەنگییە، نە موڵکی لاهوور شێخ جەنگی و نە موڵکی بەرەی گەلە، بەڵکو موڵکی هاونیشتمانییەکە."
لەبارەی "کەناڵی زووم"یش کە میدیای نزیکی بەرەی گەلە و دوای دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی پەخشی راگیرا، شادوومان مەلا حەسەن گوتی، "هێز چووەتە نێو کەناڵی زووم و دایانخستووە، نازانین چارەنووسی چی دەبێت."
بەرەبەیانی رۆژی هەینی 22ی ئابی 2025، دوای شەڕ و پێکدادانی قورس لە ماڵ و بارەگەی سەرەکی بەرەی گەل لە شاری سلێمانی، ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و دوو لە براکانی بە ناوەکانی پۆڵاد و ئاسۆ شێخ جەنگی کۆتایی هات.