لە رۆژانی تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەمی 12ی ئامادەیی زیاتر لە کاژێرێک ئینتەرنێت رادەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایدەگەیێنێت، رۆژانی تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەمی 12ی ئامادەیی کاژێرێک و 15 خوولەک ئینتەرنێت رادەگیرێت بۆ رێگریکردن لە گزیکردن.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئەو کارە لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردەیە، کە بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی وەزارەتەکەیان کراوە و داوا کراوە، لە رۆژانی تاقیکردنەوەکان ئینتەرنێت رابگیرێت لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و رێگریکردن لە دیاردەی گزیکردن (غش) لە تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەم.
تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەمی 12ی ئامادەیی رۆژی شەممە 23-08-2025 دەستپێدەکەن، بە شێوەی رۆژ نا رۆژێک و تاوەکو 08-09-2025 بەردەوام دەبن.
بەپێی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، تەنها لە رۆژانی تاقیکردنەوەکان هێڵەکانی ئینتەرنێت و هەموو جۆرە نامەیەکی (MMS) رادەگیرێت، ماوەی راگرتنی ئینتەرنێتیش کاژێرێک و 15 خوولەک دەبێت، لە کاژێر 06:30 تاوەکو 07:45ی بەیانی.
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، ئەو شوێنانەشی دیاریکراون کە پێویستە لە هەموو دۆخێکدا ئینتەرنێتیان هەبێت، بە هەمان میکانیزمی پێشوو ئینتەرنێتیان بەردەوام دەبێت.