سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە شەڕەکەی لالەزار دا کوژراون


رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنجامی شەڕەکەی لالەزار دا سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانیان کوژراون کە سەر بە هێزە جیاوازەکانی، دژەتیرۆر، کۆماندۆ و ئۆپەراسیۆنن. 
 
لە ئێوارەی پێنجشەممەوە هێزێکی زۆر لە لالەزاری سلێمانی جێگیر کرابوو بۆ دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل. بەیانیی ئەمڕۆ دوای چوار کاژێر لە شەڕ، لاهوور شێخ جەنگی، ئاسۆ و پۆلادی برای دەستگیر کران. 
 
لە ئەنجامی شەڕەکە؛ ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی، کارمەندی دژەتیرۆری سلێمانی، دیار سەردار حەکیم، کارمەندی کۆماندۆ و سەرمەند عەلی، کارمەندی ئۆپەراسیۆن کوژراون. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، 10ـی کارمەندی دیکەی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون. 
 
دژەتیرۆری سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی گیان لەدەستدانی ئاری دەڵێت، "شەوی رابردوو لەکاتی سەپاندنی یاسا و جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لەیاسا دەرچوو، گیانی سپارد."
 
لەبارەی کوژرانی دیار حەکیم، کۆماندۆ دەڵێت، "لە پێناو چەسپاندنی یاسا، ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستان وەک ناوەکەی (دیار) رۆحی پیرۆزی کردە دیاری خاک و نیشتمان و ئاسایش و ئارامی."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە شەڕەکەدا تانک و زرێپۆش و جۆرەها چەکی قورس بەکارهاتوون. جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانێکی زۆر بەر شوێنە گەشتیارییەکانی ناوچەکە و ماڵەکانی دەوروبەری کەوتوون. 
 
میدیای یەکێتی وێنەی 48 کەسی بڵاوکردووەتەوە کە لە شەڕەکە دا دەستگیر کراون.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەموو هێزەکەی نێو لالەزار 77 کەس بوون ئەوانەی دیکە لە پشوو دا بوون.
 
لاهوور شێخ جەنگی بە چی تۆمەتبارە؟
 
لاهوور شێخ جەنگی بە مادەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبارە، ئەگەر تاوانەکەی بە سەردا ساخبێتەوە، تاوەکو حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت. 
 
مادەی 56 پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک کە سەرچاوەکانی یەکێتی دەڵێن، هەوڵی کودەتای داوە و ویستوویەتی ئاسایشی سلێمانی تێکبدات. 
 
چارەنووسی لاهوو شێخ جەنگی و خێزانەکەی چی دەبێت؟
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای بۆ دەباشان، هاوژین و منداڵەکانی بۆ سوێد و خوشکەکەی و زاواکە بۆ بەریتانیا دەگوێزرێنەوە.