بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆر- سلێمانی : دەستگیرکردنی لە یاسا دەرچووان تەنیا قۆناخی یەکەمی سزادانیانە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی رایگەیاند، شەوی رابردوو لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکدا بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک 'یاسادەرچوو'، کارمەندێکیان بە ناوی (ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) "شەهید" بووە. راشیگەیاند: "دەستگیرکردنی لە یاسا دەرچووان تەنیا قۆناخی یەکەمی سزادانیانە."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی ئەمڕۆ هەینی 22-8-2025 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی هاوڕێ و هەڤاڵمان (ئاری شێخ سوعاد تاڵەبانی) رادەگەیێنین، کە شەوی رابردوو لەکاتی جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر بۆ دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە یاسادەرچوو، گیانی سپارد و گەیشتە پلەی شەهادەت."
دژەتیرۆر لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاری شێخ سوعاد بە "یەکێک لە پێشمەرگە نەبەرد، قارەمان و دلێرەکانی دژەتیرۆر" ناودەبات و دەڵێت، "بە کارامەیی و تواناکەی توانیبووی خۆی بسەلمێنێت."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، دژەتیرۆر جەخت دەکاتەوە کە خوێنی شەهیدەکەیان بەفیڕۆ ناڕوات و هۆشداری دەداتە "یاسادەرچووان" و دەڵێت: "دڵنیایی دەدەین خوێنی شەهید ئاری بەفیڕۆ ناڕوات و لە یاسادەرچووان تووندترین سزا دەدرێن و دەستگیرکردنیان تەنیا قۆناخی یەکەمی سزادانیان بووە."
لە پاش کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، شەڕ لە لالەزار دەستیپێکرد، دواتر چەند درۆنێکیش لە دەباشان کەوتنە خوارەوە.
دوای نزیکەی چوار کاژێر لە شەڕ و پێکدادان، شەڕەکە بە دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و دوو لە براکانی و ئەندامانی هێزی دووپشک کۆتایی هات.
ڤیدیۆیەکی دیکەی ساتی دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی؛ وەهاب هەڵەبجەیی لە پێشییەوە دەڕوات و بەرەو نێو ئۆتۆمبێلەکەی دەیبات pic.twitter.com/KQ5wxMcROs
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 22, 2025
هێزە ئەمنییەکان داوای خۆبەدەستەوەدانیان لە لاهوور شێخ جەنگی کرد و گوتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.