ئەوەی پێویستە لەسەر شەڕەکەی لالەزار بیزانیت

رووداو دیجیتاڵ

شەڕ و پێکدادانەکەی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی بۆ دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی زیانێکی زۆری لێکەوتەوە. پەیامنێری رووداو دەڵێت، زیاتر لە 10 کەس بریندارن و سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیش کوژراون، باس لە کوژرانی چەند ئەندامێکی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی بە ناوی هێزی دووپشك دەکرێت.
 
شەوی پێنجشەممە 21-08-2025 هێزە ئەمنییەکان لە سلێمانی داوای خۆبەدەستەوەدانی لە لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەلیان کرد و گوتیان کە فەرمانی دەستگیرکردنیان پێیە، ئەویش رەتیکردەوە.
 
لە پاش کاژێر 03:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، شەڕ لە لالەزار دەستیپێکرد، دواتر چەند درۆنێکیش لە دەباشان کەوتنە خوارەوە.
 
لە کاتی پێکدادانەکەدا، بەشێک لە خڵکی سڤیلیش لەنێو لالەزار و شوێنە گەشتیارییەکانی دەوروبەری گیریان خواردبوو. 
 
گەشتیارێکی عەرەب لەنێو لالەزارەوە بە تەلەفۆن قسەی بۆ رووداو کرد و رایگەیاند، ''دوو خێزانین لەنێو لالەزار، منداڵیشمان لەگەڵە، لە هۆتێلەکەداین، دوو ژن و پێنج منداڵین، کەسێکی بەنگلادشیش کە لە هۆتێلەکەدا کار دەکات لەگەڵمانە.''
 
ئەو گەشتیارە عەرەبە گوتی: ''ئێمە هیچ تاوانێکمان نییە و گەشتیارین، تەنانەت لە حەمامێکدا خۆمان شاردووەتەوە، مووشەک بەر ئەوێش کەوتووە.''
 
ئەو گەشتیارە عەرەبە لە رێگەی رووداوەوە داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە لەو شوێنە رزگار بکرێن.
 
هۆتێلی لالەزار کە بنکەی سەرەکیی بەرەی گەل و شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی بووە، دەکەوێتە گەڕەکی سەرچناری سلێمانی. لە کاتی شەڕەکەدا هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکەکە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: ''دۆخمان هیچ باش نییە. دەرگە و جامەکان خەریکە هەمووی بەسەرماندا بڕووخێت.''
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، ''منداڵی بچووکمان هەیە، رێگەی دەرچوونمان نییە بە دۆشکە و دەبابە تەقە دەکرێت. داواکارین لە حکومەت بەپەلە بێتە سەر هێڵ و چارەیەکمان بۆ بدۆزێتەوە، تەنیا بتوانین لە ماڵەکانمان دەربچین.''
 
''درۆن لە دەباشان کەوتە خوارەوە''
 
هاوکات لەگەڵ شەرەکەی لالەزار، لە دەباشانیش کە ماڵی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لێیە، گرژی و ئاڵۆزی هەبوو. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە چەند درۆنێک کردووە، کە لە ئاسمانی دەباشان بینراون و درۆنێک خراوەتە خوارەوە.
 
هاوکات زانیاریش هەبوو بە درون هێرشکراوەتەوە سەر بنکەی هێزەکانی 70 لە سلێمانی کە یەکەیەکی سەربازیی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
 
دوای نزیکەی سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، کاژێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاستکردەوە کە هێزە ئەمنییەکان چوونەتە نێو لالەزارەوە و لاهوور شێخ جەنگی و دوو لە براکانی پۆلاد و ئاسۆ دەستگیرکراون و دەبرێنە بەردەم دادوەر.
 
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، پۆلاد شێخ جەنگی بە برینداری دەستگیر کراوە.
 
چەند کوژراو و بریندار هەن؟
 
لە شەڕەکەدا سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە و بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو 10ـی دیکەش بریندار بوون. هەروەها باس لە کوژرانی 7 کەس لە هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەکرێت.
 
هەندێک سەرچاوە باس لە ژمارەیە زیاتری برینداران دەکەن. سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکان بە نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان بە مەبەستی کوشتن تەقەیان لە هێزەکەی نێو هۆتێل لالەزار نەکردووە، چونکە ''کوڕە هەژار''ـن و نایانەوێت زیانیان پێبگەیێنن، ''بەڵام ئەوان بە مەبەستی کوشتن تەقەیان لە ئێمە کردووە.''
 
بریندارانی شەڕەکە گوێزراونەتەوە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی. سازگار سەڵاح کە خۆی لە هەڵەبجەوە چووەتە سلێمانی، لە بەردەم نەخۆشخانەکە رایگەیاند، ''هیچ کێشەیەکی هاتووچۆ لە بازگەی سلێمانی-هەڵەبجە نابینرێت، هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت هاتووچۆ بکەن، رێگەیان پێدەدرێت، بەڵام هەندێک رێکاری تووند وەکو پشکنینی ئۆتۆمبێلەکان و پرسیارکردن لە ناوی سیانیی خەڵک هەبوو.''
 
تاوەکو ئێستا ئەوانەی دەستگیر کراون لە کەسە نزیکەکانی لاهوور شێخ جەنگی بریتین لە دوو برای، خوشکی، زاواکەی، سێ منداڵ و هاوژینەکەی.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لاهوور شێخ جەنگی و پۆلادی برای، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە براونەتە دەباشان و بڕیارە خێزان و منداڵەکانی بنێردرێنە سوێد، خوشکەکەی و زاواکەیشی بۆ بەریتانیا بەڕێ بکرێن. 
 
میدیای یەکێتی وێنەی 48 کەسیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە لە لالەزار دەستگیرکراون. بەگوێرەی زانیارییەکان هەموو هێزەکەی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی 77 کەس بوون و ئەوانەی دیکە لە پشوودا بوون.
 
زیانەکانی شەڕەکە چی بوون؟
 
بەرامبەر هۆتێل لالەزار شوێنێکی گەشتیاری لێیە کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. 
 
شێخ جەلال سەعید، خاوەنی شوێنە گەشتیارییە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، ''زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە. کۆمەڵێک خێزانی تێدا بوو، ئەوانیش زەرەرمەند بوون لە شەڕەکە.''
 
بەگوتەی جەلال سەعید، بەشێک لە کابینەکان گوللەهاوەنیان بەرکەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
 
ژمارەیەک لە ئۆتۆمبێلی گەشتیارانیش کە لە کاتی شەڕەکەدا لەو شوێنە گەشتیارییە بوون، زیانیان بەرکەوتووە. خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکە دەڵێت، ''لە 17 کابینە، پێنجیان گەشتیاریان تێدا بوو. تەنانەت بووک و زاواشی لێبوو و هێزە ئەمنییەکان بۆ دەرچوون هاوکارییان کردن.''
 
هاونیشتمانییەکیش کە دانیشتووی گەڕەکێکی نزیک لە لالەزارە بە رووداوی راگەیاند، ''گوللە هاوەنێک بەر حەوشەی ماڵەکەم کەوت و ئۆتۆمبێلەکەم زیانی بەرکەوت.'' 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ژمارەیەک لە پاسی گەشتیاران کە لە نێوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتبوون، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەدا زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام زیانی گیانیان نەبووە.
 
وەک نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، لە شەڕەکەی لالەزاردا هیچ کەسێکی سڤیل زیانی بەرنەکەوتووە و سەرجەم برینداران و کوژراوان لە هێزە ئەمنییەکان بوون.
 
لاهوور شێخ جەنگی بە مادەی 56ـی یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبارە، ئەگەر تاوانەکەی بە سەردا ساخبێتەوە، تاوەکو حەوت ساڵ زیندانی دەکرێت. 
 
مادەی 56 پەیوەستە بە کۆبوونەوەی کۆمەڵێک کەس و رێککەوتنیان لەسەر ئەنجامدانی تاوانێک یان چەند تاوانێک کە سەرچاوەکانی یەکێتی دەڵێن، هەوڵی کودەتای داوە و ویستوویەتی ئاسایشی سلێمانی تێکبدات.