لە کۆی 2,550 پۆلیس کە لە کەرکووک دادەمەزرێندرێن تەنیا 350یان کوردن

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆى دوو هەزار و 550 پۆلیسى نوێ کە لە کەرکووک دامەزرێندران، کورد و تورکمان، هەر یەکەیان 350 کەسیان بەرکەوتووە، ئەوانی دیکە سەرجەمیان لە نەتەوەی عەرەبن. پەرلەمانتارێکى کوردى شارەکە دەڵێت: "خەڵکى نەینەوا و سەلاحەدین لەنێو دامەزراوانى پۆلسی کەرکووکدان و داوامان لە سەرۆکوەزیران کردووە چاو بە پشکى کوردا بخشێنێتەوە."
 
رۆژی 22ى ئەیلوولى 2023 سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتمانى کوردستان لە پشکى پارێزگاى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لەکۆى 2,550 پۆلیس کە بۆ کەرکووک دامەرزێندراون، تەنیا 350 یان کوردن و هەمان ژمارەش بەر تورکمانەکان کەوتووە.
 
سەباح حەبیب گوتی: "بەشێک لەوانەى کە لەسەر پشکى کەرکووک دامەزرێندراون، خەڵکى پارێزگاکانى نەینەوا و سەڵاحەدینن"
 
رۆژی 14ى ئەیلوولى 2023 وەزارەتى ناوخۆى عێراق دامەزراندنی 37 هەزار پۆلیسی راگەیاند، لەدواى ئەوەى بەشێوەى ئەلیکترۆنى داواکاریان پێشکێش بەو وەزارەتە کرد، ئەو ژمارەیە بەسەر 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووکدا دابەشکراون.
 
سەباح حەبیب رایگەیاند، لەگەڵ عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى ناوخۆى عێراق لەسەر ئەو کێشەیە گفتوگۆیان کردووە و پێیانراگەیاندوون کە پرۆسەى جیاکردنەوەى ناوەکان بەشێوەى ئەلیکترۆنى بووە و بۆیە ئەو دابەشکارییە بەسەر پێکهاتەکاندا بەو جۆرە بووە، گوتیشى: "داوامان لە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران کردووە کە پێداچوونەوە بەو رێژەیەدا بکات."
 
دامەزراندنى ئەو 37 هەزار پۆلیسە بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتییە بۆ ساڵى 2023 و لەدواى بینینى مەشق و راهێنان و پشکنین، دەستبەکار دەبن.