بەرپرسێکی یەکێتیی مامۆستایان: بەبێ وەرگرتنی مووچە مامۆستایان ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئامادەنین بەبێ وەرگرتنی مووچە بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
رۆژی هەینی، 22-09-2023 عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا مووچەی یەک مانگیش دابەشنەکراوە تاوەکو مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن، بۆیە بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامە و ئامادەنین بەبێ وەرگرتنی مووچە دەوام بکەن."
رۆژی 13-09-2023 ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و هەر لەگەڵ دەستپێکردن بەشێک لە مامۆستایان و وانەبێژانی سنووری پارێزگای سلێمانی بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب.
جێگری سەرۆکی رێکخراوی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: "یەکێک لە نیگەرانییەکانمان ئەوەیە حکومەت پەیوەندییان پێوە نەکردووین بۆ ئەوەی هیچ نەبێت گوێ لە داواکارییەکانمان بگرن. کەس لەگەڵمان کۆنەبووەتەوە و هیچمان پێنەگوتراوە. ئەوەش وایکردووە کە مامۆستایان بڵێن بەبێ وەرگرتنی مووچە ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن." بە گوتەی عەتا ئەحمەد، بەشێک لە مامۆستایان داوای دوو مووچەش دەکەن.
مامۆستایانی وانەبێژیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بایکۆتی هۆڵەکانیان کرد، ئەوان داوا دەکەن بکرێنە گرێبەست یان دابمەزرێندرێن.
رۆژی 20-09-2023، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە رووداوی راگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا بە چەندین نووسراو داوا کراوە مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، بەگوێرەی زانیارییەکانمان کە لە ئەنجوومەنی وەزیران وەرمانگرتووە، نووسراوەکان لە بەردەستی سەرۆکی حکومەتە و داواکارییەکانمانی رەتنەکردووەتەوە و خوێندنەوەی بۆ دەکەن."
ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان 36 هەزار و 542 مامۆستایە. مووچەی وانەبێژان لە نێوان 200 بۆ 400 هەزار دیناردایە؛ کۆی پارەی مووچەی وانەبێژانی هەرێمی کوردستان 13 ملیار و 200 ملیۆن دینارە، بۆ ئەوەی هەموویان بکرێن بە گرێبەست زیاتر لە چوار ملیار دیناری دیکە پێویستە.