مۆزەخانەیەکی دێرسمی باکووری کوردستان دەبێتە دووەم باشترین مۆزەخانەی ئەوروپا
رووداو دیجیتاڵ
مۆزەخانەی تۆنجەلی لە دێرسمی باکووری کوردستان ئێستا دووەم باشترین مۆزەخانەی ئەوروپایە. مۆزەخانەکە تەنیا سێ ساڵە کراوەتەوە، دوو هەزار بەرهەم و کەلوپەلی مێژوویی لەخۆگرتووە، خەڵاتێکی گرنگی لەسەر ئاستی ئەوروپا بەدەستهێناوە.
مۆزەخانەکە خەڵاتی لویجی میشێلێتیی ئەکادیمیای مۆزەخانەکانی ئەوروپای بەدەستهێنا و ئێستا دووەم باشترین مۆزەخانەیە لەسەر ئاستی ئەوروپا.
بولەنت تەکبیک ئۆغلۆ، پارێزگاری دێرسم باسی خەڵاتەکەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "مۆزەخانەی تۆنجەلی بێجگە لە تایبەتمەندییە بیناسازییەکانی، لە بواری پێشانگەکانیشدا جیاوازە. لێرە پێشانگایەک لەبارەی ئایینی خوراسانی عەلەوی هەیە. ساڵی 2022 لەلایەن کۆڕبەندی مۆزەخانەکانی ئەوروپا، وەک مۆزەخانەیەکی جیاواز و بەنرخ تۆمارکرا و بە شایستەی خەڵات بینرا. لە ساڵی 2023 دا لەلایەن ئەکادیمیای مۆزەخانەکانی ئەوروپاوە وەک دووەم باشترین مۆزەخانەی ئەوروپا دەستنیشان کرا. ئەم خاکە خۆی خاکی سەرەکیی شارستانییەتە یەکەمەکانە."
مۆزەخانەکە، لەسەر رووبەری 5500 مەتر چوارگۆشە دروستکراوە و لە چوار بەش پێکدێت؛ بە سەتان پارچە و ئامێری شوێنەواری مێژوویی لە گڵ و بەرد و کانزا دروستکراو، مێژووی هەزاران ساڵەی ناوچەکە نیشان دەدات.
بەرپرسان و هاونیشتمانییانی پارێزگاکە بە هیوان دوای ئەم خەڵاتە، ژمارەیەکی زیاتری گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، سەردانی دێرسم بکەن.
پارێزگاری دێرسم دەشڵێت، "سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک لە باشترین مۆزەخانەکانە، شارەکەمان شارێکی قەرەباڵخ نییە، دەتوانیت بڵێیت، لە ماوەی ساڵێکدا ئەم شوێنە هێندەی دانیشتووانی شارەکە میوانداریی گەشتیار و سەردانیکەرانی کردووە. پێموایە بەم خەڵاتە زیاتر سەرنجی ئەوروپا رادەکێشین و ژمارەی سەردانیکەرانی بیانیشمان زیاتر دەبێت."
کارمەندانی مۆزەخانەی تۆنجەلی لە دێرسم بە چالاکییەکانیان لە بواری هەڵکەندن و هەوڵدانیان لە پرۆسەی بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتەدا رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە. هاونیشتمانییانی دێرسم و ئەو گەشتیارانەی سەردانی مۆزەخانەکە دەکەن، لەبەر ئەم هەوڵدان و ماندووبوونەیان، سوپاسیان دەکەن.
ئەردال ئیلئاسلان بۆ گەشتکردن رووی لە ناوچەکە کردووە و چووەتە مۆزەخانەکە، دەڵێت، "كاتێک بۆ یەکەمجار بیستمان، زۆر شانازیمان کرد. تەنیا لەبەر ئەمە لە ئیزمیرەوە هاتم بۆئەوەی سەردانی مۆزەخانەکە بکەم. دوو رۆژە لێرەم و بە باشی گەڕام. بەڕاستی هەوڵدانێکی زۆر هەیە. پیرۆزبایی لە سەرجەم کارمەندانی ئەم شوێنە و بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەمان دەکەم و سوپاسیان دەکەم."
هەلین تونجا، گەشتیارێکی دیکەیە لەبارەی تۆنجەلییەوە دەڵێت، "ئەمە یەکەمجارە دێمە دێرسم. بێگومان یەکەمجاریشە مۆزەخانەکە دەبینم. کاتێک لە دەرەوە سەیرم کرد، چاوەڕوانییەکی زۆرم نەبوو، بەڵام بەراستی زۆر بەرفراوانە و نووسراو و گێرانەوەکان بە وردی و زۆر جوان پێشان دراون. بەرهەمی زۆر جوان هەن. لەو بڕوایەدام کە دەبێ باشتر بناسێنرێت."
پرۆژەی مۆزەخانەی دێرسم لە ساڵی 1935 لەلایەن تەلارسازانی ئەڵمانییەوە دروستکراوە. دوای تەواوبوونی پرۆژەکە، بۆ چەندین ساڵ وەک بنکەیەکی سەربازی بەکارهێندرا؛ بەڵام لە ساڵی 2015دا کاری نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەکە دەستیپێکرد و لە ساڵی 2020دا دەرگاکانی بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە.