سۆمۆ: پابەندین بە بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند، عێراق بە تەواوی پابەندە بەو ئاستەی بەرهەمهێنانی نەوت کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسدا دیاریکراوە.
 
عەلی نزار شەتری، بە میدیای فەرمی عێراقی گوت: "سەبارەت بەو زانیارییانەی لەبارەی زیادبوونی بەرهەمی نەوتی عێراق بڵاوکراونەتەوە، روونیدەکەینەوە کە کەمکردنەوەی سەرەکی و خۆبەخشانە، کە لە چوارچێوەی ئۆپێک پڵەسدا رێککەوتنیان لەسەر کراوە، هێشتا کاریان پێدەکرێت."
 
بەڕێوەبەری سۆمۆ رایگەیاند، "عێراق بە تەواوی پابەندە بە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسەوە، لەگەڵ ئەو پلانانەی بۆ قەرەبووکردنەوەی هەر زیاد بەرهەمهێنانێکی پێشوو دانراون؛ چونکە ئەم بڕیارانە پشت بە لێکۆڵینەوەی وردی بازاڕی نەوتی جیهان و هاوسەنگیی نێوان خستنەڕوو و خواست دەبەستن."
 
رۆژی یەکشەممە 07-09-2025 وەزیرانی نەوتی کۆمەڵەی V8، کە لە سعودیە، رووسیا، عێراق، ئیمارات، کوەیت، کازاخستان، جەزائیر و عومان پێکهاتوون، لە راگەیێنراوێکدا بڵاویانکردەوە، بڕیاریان داوە لە مانگی داهاتووەوە بەرهەمهێنان بە بڕی 137 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکەن.
 
عێراق هێشتا بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی مانگی رابردووی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام لە مانگی تەمموزدا 104 مليۆن و 750 هەزار و 788 بەرمیل نەوتی هەناردە کردبوو، کە رۆژانە دەکاتە 3,379,057 بەرمیل.
 
عەلی نزار گوتی: "داتاکانی سەرچاوە لاوەکییەکان، کە سەرچاوەی فەرمی و پەسندکراون بۆ پێوانەکردنی ئاستەکانی بەرهەمهێنان، پابەندبوونی بەرزی عێراق پشتڕاستدەکەنەوە و ئەمەش بەشێوەیەکی شەفاف و پرۆفیشناڵانە تۆمار کراوە و راگەیێندراوە."