لە کەرکووک 306 کەس وەکو پۆلیسی بەرگریی شارستانی دادەمەزرێن

رووداو دیجیتاڵ

لە پارێزگای کەرکووک 306 کەس وەکو پۆلیسی بەرگریی شارستانی دامەزران و بڕیارە دوای تەواوکردنی راهێنانەکانیان دەستبەکاربن.
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە، 22-09-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 306 کەس وەکو پۆلیسی بەرگریی شارستانیی کەرکووک دامەزراون و لەم هەفتەیەوە دەستیان بە خولی مەشق و راهێنان کردووە.
 
بە گوتەی عامر نووری، لە پڕۆسەکەدا نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکانی پارێزگاکە کراوە و ئەو 306 کەسە بەسەر پێکهاتەکانی کورد، عەرەب، تورکمان و کریستیاندا دابەشکراون.
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک روونیکردەوە، ئەو 306 پۆلیسە بەشێوەی گرێبەست دامەزراون و مووچەی مانگانەیان 480 هەزار دینار دەبێت.
 
بەگوتەی عامر نوری، پۆلیسە نوێیەکان دوای تەواوکردنی خولی راهێنانی سەرەتایی، خولێکی دیکەی تایبەت وەردەگرن، ئینجا وەکو هێزێکی فەرمی بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان لە رووداوە سرووشتی و نائاساییەکان دەستبەکار دەبن.