نێچیرڤان بارزانی و مەندەلاوی کۆبوونەوە؛ چارەسەری کێشەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی هەڵبژاردن تاوتوێ کران
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە، جەختیان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئەیلوولی 2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی باڵای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا دۆخی گشتیی عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێ کراون.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش یەکێک بوو لە ئەندامانی شاندەکە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان، بەتایبەتی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور، کە بە فاکتەری سەقامگیریی وڵات ناوبرا.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی پرسی شایستە داراییەکان و مووچە دووپات کردەوە، سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە بۆ ئەو مەبەستە کار دەکەن.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو، هەردوولا بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و برەودان بە دیموکراسییان بە پێویست زانی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.