مام ئیسماعیل رزگاربوویەکی ئەنفالە و بە کڵاو و جامانەوە بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەکات

 
رووداو - ئەمریکا

مام ئیسماعیل تەمەنی 80 ساڵە، لەگەڵ هاوژینەکەی و کوڕەکەی رزگاربووی ئەنفالی بادینانن، لە ویلایەتی تەکساس لە ئەمریکا دەژین. مام ئیسماعیل لەسەر شێوازی پۆشینی دەڤەری بادینان پۆشاکی پۆشیوە و دەڵێت، دەنگ بەو بەربژێرە دەدات کە "هەموو کورد دەنگی پێدەدات".
 
دەنگدانی پێشوەخت لە ویلایەتی تەکساس لە 13ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە و نزیکەی 21.6%ی دەنگدەرانی تۆمارکراو لەڕێگەی چوونە ناوەندەکانی دەنگدان بەشداریی هەڵبژاردن بوون.
 
مام ئیسماعیل و خەیریی کوڕی دەنگیاندا، کوڕەکەی دەڵێت، پێش رۆژی دەنگدان دەنگی خۆیان داوە، چونکە رۆژی دەنگدان قەرەباڵخی دروستدەبێت، دەنگی خۆشیان داوە بەو کەسەی کە زیاتر پشتگیریی کورد دەکات.
 
هاوژینی مام ئیسماعیل خۆی بۆ دەنگدان تۆمارکردووە، بەڵام نەیتوانیوە بچێتە ناوەندی دەنگدان، ئەو هیوا دەخوازێت سەرۆکێکی دۆستی کورد لە واشنتن هەبێت.
 
ئەوەش لەکاتێکدایە، بڕیارە 3ی تشرینی دووەمی 2020 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەبچێت، کەمپەینەکانی هەڵبژاردنەکەش تادێت گەرمتر دەبن لەنێوان بەربژێری کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا.