مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردن: پرۆسەیەکی سەرکەوتوو بوو
رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە "پرۆسەیەکی سەرکەوتوو" ناودەبات و دەڵێت، لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە، 22-10-2024، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. دوای کۆبوونەوەکە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دوای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پرۆسەی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە دەستپێشخەری و سیاسەتی ژیرانە بۆ ئامانجەکان، لە هەمان کاتدا هەڤاڵان و دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد بە هەمان گیانی بەرزی یەکێتییانەوە، لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق بکرێت..".
دەقی راگەیێندراوی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی:
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە ئەمرۆ (2024-10-22) لە بارەگای نوێی مەکتەبی سیاسی لە سلێمانی بەرێوەچوو، تاوتوێی دەرەنجامەکانی دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد کە رۆژی (20/10/2024) لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
مەکتەبی سیاسی وێڕای پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە بۆنەی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و بە پیرەوەچوونی بەرچاویان لە پرۆسەی دەنگدان، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هەڤاڵانی یەکێتی و کاندیدە تێکۆشەرەکان و جەماوەری وەفاداری حزبی شەهیدان کرد کە سەروەری گەورەیان لە دوو هێندەکردنی دەنگەکانی یەکێتی تۆمار کرد و بە کەمپینی پڕ جۆش و خرۆشیان بە سەرۆکایەتی هەڤاڵ سەرۆک بافڵ توانییان پەیامی راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی و دروستکردنی هاوسەنگی هێز بەرجەستە بکەن و راستگۆیی گوتاری راست و رەوای یەکێتییەکەیان دووپات بکەنەوە کە هەر ئەم پەیامەش نەخشەڕێی سیاسەتی داهاتووی یەکێتیی دەبێت لە نوێکردنەوەی دیموکراتییانە و دادپەروەرانەی پرۆسەی سیاسی و سیستمی حکومڕانی لە سەرجەم بوارەکان کە هەمووشیان لە خزمەتی ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکەکەمان دەبێت.
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دوای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی پرۆسەی هەڵبژاردن و بڕیاردان لە دەستپێشخەری و سیاسەتی ژیرانە بۆ ئامانجەکان، لە هەمان کاتدا هەڤاڵان و دامەزراوەکانی یەکێتی راسپارد بە هەمان گیانی بەرزی یەکێتییانەوە، لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق بکرێت و سەرکەوتنەکانی حزبەکەیان لە پرۆسەکانی دیموکراتی لە کەرکوک و لە هەرێمی کوردستان، بە سەرکەوتنی گەورەتر لە عیراق پتەو و تۆکمە بکەن.