زیاتر لە حەوت هەزار دەنگ ماون هەژمار بکرێن

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەو 26 وێستگەیەى کە دەژمێردرێنەوە زیاتر لە حەوت هەزار دەنگى  هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانیان تێدایە. زۆرترینى لە بازنەى هەولێرە. کێشە لە ناردنى زانیارى و جیاوازى نێوان ژماردنى دەستى و ئەلیکترۆنى هۆکارى وردبینکردنەوەکانن.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 22ى تشرینى یەکەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەست بە ژماردنەوەى دەنگى ئەو وێستگانە دەکات کە تاوەکو ئێستا هەژمار نەکراون کە 26 وێستگەن و ژماردنەوەکە لە دهۆکەوە دەستپێدەکات.
 
بەگوێرەى ئەو زانیارییانەى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، 13 وێستگەیان لە هەولێرن، شەشیان لە سلێمانی و حەوتیان لە دهۆکن. 
 
رۆژى 23ى تشرینى یەکەم وێستگەکانى سلێمانى و رۆژى دواتر وێستگەکانى هەولێر هەژمار دەکرێنەوە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "پێنج لەو وێستگانەى سلێمانی بەهۆى جیاوازى ئەنجامەوە دەژمێردرێنەوە، شەشەم وێستگەش کێشە لە ناردنى زانیارییەکانیدا هەبووە."
 
لە 13 وێستگەکەى هەولێر نۆیان بەهۆى کێشە لە میمۆرى زانیارییەکان، سێیان بەهۆی جیاوازى کەمتر لە 5% و یەکێکیان بەهۆى جیاوازى زیاتر لە 5%ى  ژماردنى دەستى و ئەلیکترۆنى دەژمێردرێنەوە.
 
هەرچى وێستگەکانى دهۆکە، سێیان بەهۆى کێشە لە ناردنى زانیارییەکان و چوارەکەی دیکە بەهۆى کێشە لە میمۆرى تایبەت بە هەڵگرى زانیارییەکان دەژمیردرێنەوە.
 
21ى تشرینى یەکەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى بڵاوکردەوە، کە رێژەى 99.63%ى تەواوى دەنگدانەکە بوو.
 
بەو پێیەى کە ژمارەى ئەو کەسانەى دەنگیان داوە لەو هەڵبژاردنە دوو ملیۆن و 87 هەزار و 927 کەسن، ئەو 0.37%  دەنگەى کە ماوە هەژمار بکرێت، حەوت هەزار و 725 دەنگە.
 
دەنگدانى تایبەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 18ى تشرینى یەکەم و دەنگدانى گشتى دوو رۆژ دواتر کرا، 118 سکاڵا لە بارەى هەردوو دەنگدانەوەکە پێشکێش بە کۆمیسیۆن کراوە .
 
عیماد جەمیل رایگەیاند: لەگەڵ ژماردنەوەى دەنگى ئەو 26 وێستگەیە کۆمیسیۆن تاوتوێى سکاڵاکان دەکات، دواتر دەست بە دابەشکردنى کورسییەکانى پەرلەمانى کوردستان دەکات و ئەنجامى کۆتایی رادەگەیێنێت.