بەرپرسی لقی 16ی پارتی: دەنگەکانمان لە سنووری کۆیە زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی 16ـی پارتی بڕوای وایە دەنگەکانیان لە سنووری کۆیە و تەقتەق زیاد دەکات و دەڵێت: "خەڵکی ئێرە دەزانن پارتی خاوەنی بەڵێنەکانیەتی."
ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "لەگەڵ هەزار کەسی سنووری تەقتەق و کۆیە کۆبووینەوە، گوێمان لە داواکارییەکانیان گرت، پارتیش لە هەرکوێ پێویست بووبێت لەوێ بووە، هەمیشە پێشەنگ بووین لە بەرگری کردن لە خەڵک."
ئاری نانەکەلی گوتی: "پارتی هەمیشە گەشەی کردووە بە دەستکەوتەکانەوە، حیزبی پڕۆژەیە، ئەم قەزا و ناحیانەش مافیان بەسەر پارتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە، چونکە شەهید و قوربانییان بۆ ئەم نیشتمانە داوە."
بەرپرسی لقی 16ی پارتی دەڵێت، "ئێمە خاوەنی هەموو کوردستانین، لە هەموو شوێنێک ئامادەییمان هەبووە و تێکەڵی خەم و ئازار و داواکارییەکانی هاونیشتمانیان بووین."
دەشڵێت، "خەڵکی ئەم سنوورە پاداشتی پارتی کرد لە هەڵبژاردنی 2024، لە سەرجەم سنوورەکە بەتایبەتی تەق تەق و کۆیە دەنگی پارتی زیادی کرد، هۆکارەکەش ئەوەبوو پارتی بەڵێنەکانی جێبەجێ کرد، لەم هەڵبژاردنەش زیاتر دەبێت، چونکە خەڵکی ئێرە دەزانن پارتی خاوەنی بەڵێنەکانیەتی."
کۆیە سەر بە پارێزگای ھەولێرە و 79 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێرەوە دوورە، بەگوێرەی دوایین سەرژمێریش ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 100 هەزار کەسە.