بافڵ تاڵەبانی: هێزێکمان دروستکردووە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەس دەرەقەتی نایەت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: "گوتمان هێزێک دروست دەکەین کە لە شەرقولئەوسەت کەس دەرەقەتی نایەت و کردمان."
ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا لە قەڵای شێروانەی کەلار قسەی بۆ لایەنگرانی یەکێتی کرد و گوتی: "راستە [لە کەلار] جادە دروستکراوە و راستە کەمێک سەوزکراون، بەڵام من رازی نیم و ئێوەش رازی نین، وەعد بێت ئەوەی بتانەوێ بۆتان دابین دەکەین، لە بەغداوە زۆر شتمان پێ دەکرێت بۆتان."
بافڵ تاڵەبانی باسی جێبەجێکردنی بەڵێنێکی کرد و گوتی: "یەک شتێک کە توانیمان بیکەین ئەوەبوو کە رزگاری بوو بە قەزا."
لەبارەی گەرمیانەوە، سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، "کەم شوێنی کوردستان وەکو گەرمیان قوربانی داوە، گەرمیان سەری شمشێری کورد و کوردایەتییە، هەموو جارێک کێشە قورسەکە لەسەر شانی ئێوەیە، بۆیە پێویستە نوێنەرەکانی ئێوە لە بەغدا و حکومەت زیاد بێت، چاوەڕێی ئەوەتان لێدەکەم شان بە شان شەڕ بکەین بە ماف و کەرامەتی میللەتەکەمان، بۆ ساناترین شت، بۆ مووچەی میللەتەکەمان."