کۆمیسیۆن لەبارەی دەنگدەرانی کەرکووک بڕیاریدا کار بە تۆماری ئێستا بکرێت


رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا لە کەرکووک کار بەو تۆمارەی دەنگدان بکرێت کە کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن ئامادەی کردووە و پرۆسەی وردبینی بۆ تۆمارەکە بەردەوام دەبێت، کە پێشتر لە یاسای هەڵبژاردندا هاتووە بەوەی پشت بە تۆماری 1957 ببەسترێت.
 
بڕیارەکە 22ی تشرینی یەکەمی 2025، لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە لەبارەى راپۆرتى کۆتایی لیژنەیەکى هاوبەش لەو بارەیەوە دەرکراوە کە دوو خاڵە.
 
یەکەم خاڵى بڕیارەکە ئەوەیە کە پشت بەو تۆماری دەنگدەرانە ببەسترێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە نوێکراوەتەوە و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی 2025 کاری پێبکرێت. خاڵی دووەمیش ئەوەیە پابەندبوون هەبێت بە جێبەجێکردنی راسپاردە پێشنیازکراوەکان بۆ برەودان بە پرۆسەی وردبینی تۆمارەکە لە داهاتوودا.
 
ئەو راسپاردانە لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەشەوە دەرکراوە کە لە نێوان نوێنەرانی پێکهاتەی شارەکە، کۆمیسیۆن و نوێنەرانی چەند وەزارەتێکی حکومەتى فیدراڵی پێکهێنراوە.
 
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە هاوکات وەک نوێنەری کەرکووک ئەندامی ئەو لیژنەیە بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو بڕیارە لەسەر ئەو بنەمایە بوو کە بەگوێرەی بڕیارێکی دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەنجامدانی ئەو وردبینییە ئەستەم دەبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە، بۆیە راسپاردەکە ئەوەبوو کە پرۆسەی وردبینی لەو تۆمارە بەردەوام بێت کە پشت بە تۆماری ساڵی 1957ی کەرکووک دەبەستێت بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و بۆ ئەم هەڵبژاردنەش پشت بەو تۆمارە دەبەسترێت کە کۆمیسیۆن نوێی کردووەتەوە."
 
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە 19ی شوباتی 2024، بە بڕیارێک کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی ناچار کرد بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق وردبینی لە تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک بکات.
 
بەگوێرەی مادەی 13ی هەموارى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، وردبینیی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک لەسەر بنەمای ئەو هاووڵاتییانە دەبێت کە لەسەرژمێریی 1957 تۆمار کراون، جگە لە هەردوو ناحیەی زاب و سەرگەڕان، ئەو ئاوارانەى کە گەڕاونەتەوە و وردبینیی لیژنەی مادەی 140یان تێپەڕاندووە، هەروەها ئەو هاووڵاتییانەی بەر لە ساڵی 2003 دانیشتووی کەرکووک بوون و دەبێت ئەوە لەڕێگەی کۆبۆنی خۆراکەوە بسەلمێندرێت.
 
بەگوێرەی تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11ی تشرینی یەکەمی 2025 بکرێت، 958 هەزار و 141 کەس لە کەرکووک دەتوانن دەنگ بدەن کە کارتی بایۆمەتریی دەنگدانیان هەیە.