پرۆژەی ئاوی قوشتەپە دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر رایگەیاند، بریارە سبەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بکاتەوە، کە بە گوژمەی 222 ملیار دینار جێبەجێ کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، رێزان سەعدی عەزیز، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی ساڵی پار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپەی دانا، کە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەكە دوو ساڵ بوو، لە پێش وادەی خۆی تەواو بووە، سبەی لە مەراسیمێکدا پرۆژەکە دەکاتەوە."
رێزان سەعدی عەزیز گوتیشی؛ پرۆژەکە بە گوژمەی 222 ملیار دینار، بە دەستی کاری ناوخۆیی جێبەجێکراوە، ئاوی خواردنەوە و ئاودێریی کشتوکاڵی بۆ قەزای قوشتەپە، ناحیەی بێستانە و 72 گوندی ناوچەکە دابیندەکات.
بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر دووپاتیکردەوە، پرۆژەی ئاوی قوشتەپە لە کاژێرێکدا سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بە ستانداردی نێودەوڵەتی دابین دەکات، 240 هەزار هاووڵاتیی لێی سوودمەند دەبن، هەروەها نزیکەی 200 بیری سنوورەکە رادەگیرێن و ناوچەکە لە گرفتەکانی کەمئاوی رزگاری دەبێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر راگەیاندبوو، ئەم پرۆژەیە لە هەر کاژێرێکدا توانای دابینکردنی سێ هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە و لە رێگای 300 کیلۆمەتر بۆرییەوە، ئاوی پاک بۆ 72 گوند راکێشراوە و دانیشتووانی ئەم دەڤەرە لانیکەم بۆ 20 ساڵی داهاتوو کێشەی ئاویان نامێنێت.
رۆژى سێشەممە 17ى ئهيلوولى 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناخەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە و دەوروبەری دانا و لەگوتارێكدا باسی لە گرنگيی پرۆژەكە بۆ دەڤەرەكە و بووژانەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی سنوورەكە كرد.