بەربژێرێکی سەربەخۆ لە هەولێر: سێبەری هیچ حیزبێك نیم و بۆ مافی مرۆڤ دەچمە پەرلەمان
رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی سەربەخۆ لە هەولێر بەڵێنێکی روون بە دەنگدەرانی دەدات و دەڵێت، دەتوانن لەسەر یەک رستە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەن.
ڤینۆس بابان، کە بە ئامانجی نوێنەرایەتیکردنی "دەنگە بێهیواکراوەکان" خۆی بەربژێر کردووە، دەڵێت، "لە سۆنگەی باوەڕبەخۆبوونەوە خۆم بەربژێر کردووە، مانای ئەوە نییە من کەسێکی یاخیم، ئەگەر بگەمە پەرلەمان، کاری سەرەکیم بایەخدان دەبێت بە پرسی مافەکانی مرۆڤ."
ڤینۆس بابان، کە بە ژمارە 232 لە بازنەی هەولێر خۆی بەربژێر کردووە، رۆژی چوارشەممە 22-10-2025 لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی چۆن وەک بەربژێرێکی سەربەخۆ دەتوانێت گۆڕانکاری بکات لە کاتێکدا حیزبە گەورەکان کێشەیان هەیە؟ رایگەیاند، "نوێنەرایەتیی ئەو دەنگانە دەکەم کە ناگەن، هێزی من سەرەتا باوەڕبوونە بە خودا و دواتریش بەو خەڵکەی دەیانەوێت بەیانییەکی پڕشنگدارتر ببینن."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەویش وەکو هەندێک بەربژێری دیکەی سەربەخۆ "سێبەری حیزبێکە"؟ ڤینۆس بابان رەتیکردەوە و گوتی، "سەربەخۆبوون مانای یاخیبوون نییە لە کوردستان یان لە حیزبی دەسەڵاتدار، بەڵکو مانای ئەوەیە بڕوامان بە خۆمانە، من کەسێکی سەربەخۆم و بڕوام بەوەیە هەموو مرۆڤێک دەتوانێت لە هەموو شوێنێک بوەستێت، ئەگەر بیەوێت."
سەبارەت بە بەرنامەی کاری لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ڤینۆس بابان ئاماژەی بەوە دا، گرنگییەکی تایبەت بە لیژنەی مافی مرۆڤ دەدات و گوتی، "بەداخەوە لیژنەی مافی مرۆڤ تەنیا چوار ئەندامی هەیە، لە کاتێکدا لیژنەی ئاسایش و بەرگری 28 ئەندامی هەیە. ئەگەر دەرفەتم هەبێت، هەوڵ دەدەم ئەو لیژنەیە بەهێز بکەم، چونکە کاتێک باس لە مافی مرۆڤ دەکەین، دەبێت هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی سەیر بکەین."
ڤینۆس بابان پەیامی خۆی ئاراستەی دەنگدەران کرد و گوتی، "دروشمی من (یەک نیشتمان، یەک دڵ و یەک دەنگ)ە. پێکەوە سەردەکەوین و بە خۆشەویستی شارەکانمان بنیات دەنێین. هیوادارم دەنگمان پێبدەن، بۆئەوەی بتوانین ئەو چینانەی ئێستا بێهیوان، خۆشەویستییەکی جوان لەنێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدا دروست بکەینەوە."
بڕیارە رۆژی 11ی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ژمارەیەک بەربژێری سەربەخۆ لە بازنەی هەولێر، خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکە بەربژێر کردووە.