چەند حیزبێکی کوردستان لە کارنامەکانیاندا باسی ئافرەتیان نەکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەموو حیزبەکان کارنامەی تایبەت بە خۆیان هەیە و کۆمەڵێک خاڵیان دیاری کردووە کە پرسی سەرەکیی ئەوان دەبێت لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق. هەریەکە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە کارنامەکانیاندا باسی رۆڵی ژنیان کردووە و دەیانەوێت بەشدارییان زیاتر بێت لە هەموو بوارێکدا.
هەموو پارتە حکومڕانەکان و ئۆپۆزیسیۆنەکانیش لە کارنامەکەیاندا، لەسەر پرسی مووچە و یاسای نەوت و گازدا هاوئامانج بوون و هەموویان هەڵدەدەن بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە. بەڵام تەنیا پارتی، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو لە کارنامەکانیاندا باسی ژن و مافەکانیان کردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کارنامەکەیدا باسی لەوە کردووە کە دەیەوێت هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان بە دادپەروەرانە بڕەخسێنێت و کار دەکات بۆ فراوانکردنی رۆڵی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کار دەکات بۆ پاراستنی مافە یاساییەکانی ژنان و دابینکردنی مووچە و هاوکاریی پێویست بۆ ئەو خێزانانەی پیاوەکانیان لەدەست داوە.
یەکگرتووی ئیسلامی، لە کارنامەکەیدا باسی لە کاراکردن و برەودان بە رۆڵی ژنان لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریدا کردووە و کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و پشتگیریی دارایی گونجاو بۆیان.
کۆمەڵی دادگەری لە کارنامەکەیدا جەخت لەسەرکاراکردنی رۆڵی ئافرەت و رەخساندنی دەرفەت بۆیان دەکاتەوە.
رەوتی هەڵویست لە کارنامەکەیاندا باسی مافی ژنان و ژنی نەکردووە. بەربژێرێکی هەڵوێست دەڵێت، "دیدگەی و ئامانجی ئێمە دادپەروەرییە لە پەرلەمانی عێراق، گرنگ نییە ژن یاخود پیاو ئەو ئامانجە بەدی دەهێنێت، گرنگ ئەوەیە دادپەروەری بچەسپێت."
هەروەها جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە کارنامەکانیاندا باسیان لە ژنان و مافەکانیان نەکردووە.
پارتی: نەهێشتنی جیاوازی لە نێوان هەردوو رەگەزدا
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کارنامەکەیدا دەڵێت، "کاردەکەین بۆ رەخساندنی هەلی کاری زیاتر و بەردەوام، بەتایبەتی بۆ لاوان، هەروەها دانانی بەرنامەیەکی دادپەروەرانە. پاراستن و رێزگرتنی مافەکانی ژنان و کارکردنی بەردەوام لەپێناو فراوانکردنی رۆڵ و بەشداریی زیاتری ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا."
رەخساندنی کەشێکی کۆمەڵایەتیی و دوور لە جیاکاری و دەمارگیریی رەگەزی یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی پارتییە، "کە تیایدا هەردوو رەگەز یەکسان بن لە بەشداریکردنی کارا لە بەرپرسیارێتی و سەرکردایەتی، بنیادنان و پێگەیاندن لە گشت کایە سیاسی، کارگێڕی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، زانستی، خزمەتگوزاری و رێکخراوەییدا."
یەکێتی: رۆڵی زیاتر بە ژنان بدرێت لە بڕیارە سیاسییەکان
لە کارنامەی یەکێتیدا هاتووە کە کار دەکەن بۆ ئەوەی هانی حکومەتی عێراق بدەن، بۆ زیادکردنی هەلی کار لە دامودەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەت.
بەپێی کارنامەکەی یەکێتی، کار دەکەن بۆ "دەرکردن و هەموارکردنی یاساکانی تایبەت بە ژنان و پاراستنی مافە یاساییەکانیان و رۆڵ پێدانیان بۆ بەشداریکردن لە ناوەندەکانی بڕیاری سیاسیدا، هەروەها دابینکردنی مووچە و هاوکاریی پێویست بۆ ئەو خێزانانەی پیاوەکانیان لەدەست داوە و هیچ داهاتێکیان نییە بۆ بەخێوکردنی منداڵەکانیان."
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان: پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی باڵا بۆ کاروباری ژنان
لە کارنامەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستاندا هاتووە، "رۆڵی ژنان کاراتر دەکەین، بە بڕەودان بە تواناکانی ژن و گەنجان بە شێوەیەکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە رێگەی بەشداریکردنی چالاکانەیان لە کاری سیاسی و بڕیاردان و ئەرکە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، دۆزینەوەی هەلی کار و پشتگیریی دارایی گونجاو بۆیان، کە بریتییە لە دابینکردنی قەرزی بچووک و مامناوەند بۆ بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابوورییان، هەروەها بەدیهێنانی دادپەروەری لە نوێنەرایەتی و بەشداریکردنی سیاسی و کارگێڕیدا لە رێگەی جێبەجێکردنی کۆتای ژنان."
بەپێی کارنامەکەیان، پاراستنی مافی ژنان و نەهێشتنی داب و نەریتی نەرێنیی جیاکاری یەکێکی دیکەیە لە ئامانجەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە رێگەی "سڕینەوەی ئەو رەفتارە کۆمەڵایەتییانەی دژی مافی ژنانن، رێگریکردن لە هەموو شێوەکانی چەوساندنەوە و توندوتیژی، هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانەی کە جیاکاریی نادادپەروەرانە و توندوتیژیی خێزانی چەسپاندووە، هەروەها بەهێزکردنی رۆڵی راگەیاندن و چاودێریی کۆمەڵایەتی لە رێگەی رێگریکردن لە رووماڵکردنی راگەیاندنی نەرێنی کە زیان بە ژن و خێزان دەگەیێنێت و پاراستنی بەها و ئەدەبی کۆمەڵگە، پێکهێنانی ئەنجوومەنێکی باڵا بۆ کاروباری ژنان؛ بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی یاسا تایبەتەکانی ژن و خێزان بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ دڵنیابوون لە کاریگەریی جێبەجێکردنی سیاسەتە گشتییەکان".
کۆمەڵی دادگەری: کاراکردنی رۆڵی ئافرەت و رەخساندنی دەرفەت بۆیان
کۆمەڵی دادگەری لە کارنامەکەیدا رایگەیاندووە، کار دەکەن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەسەر بناخەی دادپەروەری لەگەڵ هەموو نەتەوە و ئایین و ئاینزاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەگەڵ "بەرجەستەکردن و مسۆگەرکردنی مافەکانی تورکمان، ئاشووری، کلدان و سریان و کەمەنەتەوەییەکانی دیکە لە عێراق بەپێی یاسا و کاراکردنی رۆڵی ئافرەت و رەخساندنی دەرفەت بۆیان، تاوەکو بتوانن ئەرک و رۆڵی کارای خۆیان لە کۆمەڵگە دا ببینن."
هەڵوێست: گرنگ ئەوەی دادپەروەری بچەسپێت، رەگەز گرنگ نییە
کارنامەی رەوتی هەڵوێست بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە 15 خاڵ پێکهاتووە، بەڵام باسی ژن و مافەکانی نەکراوە.
د. رێبوار کەریم، بەربژێری رەوتی هەڵوێست لە بازنەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دیدگەی و ئامانجی ئێمە دادپەروەرییە، ئێمە بەرنامەیەکمان بۆ کارکردن داناوە و پێمان وایە، دەبێت دادپەروەری جێبەجێ بکرێت، جا گرنگ نییە ژن یاخود پیاو جێبەجێی دەکات."
بەپێی ئەو کارنامەیەی جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، باسی ژن و مافەکانی نەکراوە.