سۆلینا ئێڤێ خۆی رادەستی پۆلیسی دهۆک کرد
رووداو دیجیتاڵ
دوای هەفتەیەک لە بڕیاری دەستگیرکردنی، سۆلینا ئێڤێ خۆی رادەستی پۆلیسی دهۆک کرد.
هێمن سلێمان، موقەدەمی مافپەروەر و گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/11/22 سۆلینا ئێڤێ، کچە هونەرمەندی شارەکە خۆی رادەستی پۆلیس کرد و دواتر رەوانەی چاکسازیی ژنانی دهۆک کرا بۆ ئەوەی لەوێ سزای زیندانیی شەش مانگ تەواو بکات."
گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک لەبارەی هەردوو تۆمەتبارەکەی دیکەوە ئاماژەی بەوە دا، ئەوان هێشتا دەستگیر نەکراون و بەدوایاندا دەگەڕێن و گوتی، "لە رێگەی رووداوەوە داوایان لێدەکەین خۆیان رادەست بکەن، یەگەرنا سزاکەیان زیاتر دەبێت."
لە مانگی تشرینی دووەمی 2018دا چەند کەسێک هێرش دەکەنە سەر محەممەد هێرو، بەرپرسی رێکخراوی دەریا لە شاری دهۆک. دوای سێ مانگ هەریەکە لە سۆلینا ئێڤێ، هونەرمەندی شێوەکار و کچێکی خەڵکی سلێمانی و گەنجێکی خەڵکی شنگال لەبەردەم دادگەدا دانپیدانانیان تۆمارکرابوو.
دوای دادگاییکردنیان، دادگەی دهۆک بڕیاری شەش مانگ دەستبەسەرکردن لە ماڵەوەی بۆ دەرکردبوون، دواتر لە 2020/11/15دا دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان ئەو بڕیاری گۆڕی.
بە گوێرەی بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوە دەبێت هەرسێ تۆمەتبارەکە شەش مانگ زیندانی بکرێن.
عەبدولڕەحمان زێباری، دادوەری دادگاییکردنی کەیسی سۆلین و محەممەد ئەمین هێرو بە رووداوی راگەیاند، "دەبێت هەرسێ تاوانبار زیندانی بکرێن. ئەوە بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوەیە. هیچ کەسێک ناتوانێت کاریگەریی لەسەر ئەو بڕیارە هەبێت."
دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری لەبارەی ناڕەزایەتییەکانەوە گوتی، "ئەو تاوانبارانە دەتوانن تانە لە بڕیاری دادگەی تێهەڵچوونەوە بدەن. بڕیار لای ئەوانە، بەڵام هەتا بڕیارێکی دیکە دەردەچێت، دەبێت ئەوانی لە زینداندا سزای خۆیان وەربگرن."
دوای بڕیاری دادگەی تەمیز، سۆلینا ئێڤێ لە رێگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە رایگەیاند کە بەرپرسی ئەو رێکخراوە گێچەڵی سێکسیی پێکردووە، بۆیە ئەو کارەیان بەرامبەر کردووە و داوای لە رێکخراوەکانی ژنان و چالاکڤانان کرد کە بەرگریی لێبکەن.