ئاستی ئاوی بەنداوەکانی دهۆک و دەربەندیخان بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانبارینی ئەم هەفتەیەوە، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان هەشت سانتیمەتر و ئاستی ئاوی بەنداوی دهۆک 36 سانتیمەتر بەرزبوونەتەوە. بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان دەڵێت، بارانەکە بە رێژەیەکی بەرچاو ئاستی بەنداوەکەی بەرزنەکردووەتەوە.
رۆژانی 19 و 20ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە. لەبارەی کاریگەریی بارانەکەوە لەسەر بەنداوەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە، 21-11-2023، کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارانەکە بۆ سنووری ئێمە سوودی هێندە نەبووە شیاوی باس بێت. زیاتر سوودی بە سنووری زێی گەورە و سنووری دهۆک گەیاندووە".
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. بەڕێوەبەری بەنداوەکە دەڵێت، ئێستا 21%ـی بەنداوی دووکان ئاوی تێدایە.
بەنداوی دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. ئەمڕۆ چوارشەممە سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێستا بەنداوەکە 40%ـی ئاوی تێدایە".
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوایین شەپۆلی بارانباریندا 56 ملیمەتر ئاو گەیشتووەتە بەنداوەکە و ئاستەکەی هەشت سانتیمەتر بەرزبووەتەوە.
بەنداوی دهۆک، سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی 52 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە و کەمتر لە نیوەی ئاوی گلدراوەی تێدایە؛ فەرهاد محەممەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەم وەرزەی باریندا 132 ملیمەتر باران رژاوەتە بەنداوی دهۆک و ئاستی بەنداوەکەی 36 سانتیمەتر بەرزکردووەتەوە.
جگە لە سێ بەنداوە گەورەکەی هەرێمی کوردستان، چەندین بەنداو و پۆند لە هەرێمی کوردستان هەن.
بەنداوی دووكان لە ساڵی 1959 لەلایەن كۆمپانیایەكی بەریتانییەوە دروستكرا و بەنداوی دەربەندیخانیش لە ساڵی 1961 لەلایەن كۆمپانیایەكی ئەمریكییەوە دروستكرا؛ بەنداوی دهۆکیش ساڵی 1988 دروستکرا.