دوای دوو مانگ لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، ئەنجوومەنی پارێزگاکان چارەنووسی خۆیان نازانن

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، دەوام دەکەن و نووسراو بۆ پارێزگا دەکەن، بەڵام بڕیار نادەن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکێش دەڵێت، دەوام دەکەن، بەڵام نووسراوی فەرمی ناکەن و چاوەڕێی بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانن؛ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، دەوام ناکەن و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنیش تەنیا بۆ کارەکانی نێوخۆی ئەنجوومەنەکە دەوام دەکەن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 22-11-2023، عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە دەوامی خۆمان دەکەین؛ نووسراو و پشتگیری بۆ داواکاریی هاونیشتمانیان دەکەین و بە فەرمی ئاراستەی پارێزگای هەولێری دەکەین".
 
بەهۆی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵییەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیار دەرناکەن. عەلی رەشید دەڵێت، "راستە بڕیار و رێنمایی دەرناکەین، بەڵام نووسراوەکانمان بە فەرمی لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە وەردەگیرێن و زۆرکات ئەوانیش بۆ هەندێک پرس راوێژمان پێدەکەن".
 
عەلی رەشید باسی لەوەشکرد، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چارەنووسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە نووسراویان بۆ ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانن. 
 
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی بڕگەی 38ـی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009ـی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەنیا لە سێ کاتدا هەڵدەوەشێنەوە، یەکەم؛ دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بە هەڵوەشاندنەوەی بدەن. دووەم؛ دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە خۆیان دەنگ بە هەڵوەشاندنەوەکە بدەن؛ هەروەها کاتێک ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەن دیاری دەکات، رۆژی هەڵبژاردنەکە ئەنجوومەنەکە هەڵدەوەشێتەوە.
 
ئیسماعیل پێنجوێنی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگا دەوام دەکەن بۆ راپەڕاندنی ئیشوکارەکانی نێو ئەنجوومەن نەوەک دەرەوە؛ هیچ نووسراوێکی فەرمی بۆ مامەڵەی هاونیشتمانیان ناکەین".
 
پێنجوێنی گوتیشی، "ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی دەوام ناکەن؛ کۆبوونەوەی لیژنەکان و کۆبوونەوەی گشتیش لە دوای بڕیارەکەی داگەی فیدراڵییەوە نەکراوە".
 
عیماد شوکری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو ئەندامانی ئەنجوومەن دەوام دەکەن، بەڵام هیچ نووسراو و کۆبوونەوەیەک ناکرێت و بڕیار و رێنماییش دەرناکەین".
 
عیماد شوکری گوتی، "ئێمە بۆ بەردەوامبوون یان هەڵوەشاندنەوە چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانین؛ فەرمان لەوان وەردەگرین و هەر بڕیارێک بدەن پێیەوە پابەندین".
 
24-09-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق بە ‌هەڵوەشاندنەوەی یاسایەکی هەموارکراوی پەرلەمانی کوردستان کە تەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی درێژکردبووەوە، ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.
 
لە دانیشتنی دادگەکەدا یاسای ژمارە 2ـی ساڵی 2019ـی پەرلەمانی کوردستان بە نادەستووری لە قەڵەم درا. یاساکەش هەمواری یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2009یە و بە دوو بڕگە هەمواری کراوەتەوە. یەکێکیان دەڵێت، ئەنجوومەنەکان بەردەوام دەبن لە کاری خۆیان و ئەوی دیکەش دەڵێت پارێزگار لە دەرەوە و ناوەوەی ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرێت کە پێشتر تەنیا لە ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرا.
 
دەبووایە 23ـی حوزەیرانی 2018 هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرایە. عەلی رەشید دەڵێت، رێکنەکەوتنی سیاسی هۆکاربووە هەڵبژاردن لەو کاتەدا نەکراوە.