فواد حوسێن: ئەمریکا شەڕی ئیسرائیل نەوەستێنێت، ئاگری غەززە هەموومان دەسووتێنێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "پێویستە ئەمریکا گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل ئەگەرنا ئاگری ئەو شەڕە هەموومان دەسووتێنێت." هەروەها باسی کێشەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، گرێبەستی کۆمپانیاکان و پەیوەندیی نێوان بەغدا و کوردستان کرد و گوتی، "من گەشبینم".
فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ میدیای ئەمریكی رایگەیاند، "پێویستە ئەمریکا گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی شەڕی غەززە کۆتایی پێبێت، چونکە ئەمریکا تاکە وڵاتە کە کاریگەریی لەسەر حکومەتی ئیسرائیل هەیە، ئەگەر ئەمریکا نەتوانێت شەڕی ئیسرائیل رابگرێت، ئاگرەکەی غەززە هەموومان دەسووتێنێت".
46 رۆژە جەنگێکی خوێناوی لەنێوان باڵی سەربازیی حەماس و سوپای ئیسرائیل دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 15 هەزار کەس لە هەردوولا کوژراون. فواد حوسێن لەبارەی فەلەستینییەکانەوە رایگەیاند، بەبێ ئاگربەستێکی هەمیشەیی، هیچ شتێک مانای نابێت. "دەبێت خەڵکی فەلەستین چێژ لە چارەی خۆنووسین وەربگرن".
زیاتر لە 240 رۆژە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، کە تائێستا زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری لە داهاتی عێراق داوە. بەشێکی دیکەی قسەکانی لەبارەی نەوتی کوردستان بوو. فواد حوسێن رایگەیاند، "تورکیا ئامادەبوو هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە." وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، بەنیازە مانگی داهاتوو بۆ ئەم مەبەستە سەردانی تورکیا بکات.
فواد حوسێن، باسی جۆرە جیاوازەکانی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستانی کرد لە کەرتی وزە کرد و روونیکردەوە، "چەندین جۆری جیاوازی گرێبەستمان هەیە. هەندێکیان بۆ بەرهەمهێنانی نەوتە، هەندێک گرێبەستیش تایبەتە بەو کۆمپانیایانەی کە نەوت بە بۆرییەکان دەگوازنەوە، جۆرێکی دیکەی گرێبەستیش تایبەتە بەو کۆمپانیایانەی کە نەوت دەکڕن یان کڕیویانە".
فواد حوسێن ئەو گرێبەستانەی بە "ئاڵۆز" وەسفکرد و داوای لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد کە هەوڵبدەن بگەنە چارەسەرێک بۆ ئەوەی بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەم کۆمپانیا و گرێبەستانە بکەن و دووبارە دایان بڕێژنەوە".
بە گوتەی خۆی، ئەو راپۆرتی هەردوولا دەخوێنێتەوە و رایگەیاند، "من گەشبینم".