بەشێکی زۆری موەلیدەکان لادەبرێن و حکومەت دەڵێت چیدیکە پێویست نین

 
رووداو دیجیتاڵ

لایەنە پەیوەندیدارەکان دەڵێن، پەیوەندی بە بەشێکی خاوەن موەلیدەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کراوە و پێیان گوتراوە، گرێبەستەکانیان هەڵوەشێندراوەتەوە و چیدیکە پێویستیان پێیان نییە. حکومەت دەڵێت: "بڕی پێویستی کارەبا هەیە و پێویستمان بە موەلیدە نەماوە". دەستەی ژینگەش پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات.
 
لە کۆی زیاتر لە 7 هەزار موەلیدە لە هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر زیاتر لە 1000 موەلیدە، لە شاری سلێمانی زیاتر لە 370 موەلیدە، لە شاری دهۆک زیاتر لە 350 موەلیدە و لە هەڵەبجە نزیکەی 20 موەلیدە هەن کە گرێبەستیان لەگەڵ پڕۆژەی رووناکی کردووە کە لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار بکەن، لە بەرامبەردا بۆ هەر ئەمپێرێک هەزار دیناریان پێدەدرێ.
 
کۆمەڵەی موەلیدەکان: پێمانگوتراوە گرێبەستمان هەڵوەشاوەتەوە
 
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 15ـی ئەم مانگەوە پەیوەندیکردن بە خاوەن موەلیدەکانەوە دەستیپێکردووە. پەیوەندی بە هەر موەلیدەیەکەوە کراوە پێیان گوتراوە لەدوای ئەم تەلەفۆنەوە گرێبەستەکە بە هەڵوەشاوە دادەنرێ".
 
هەر ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە پڕۆژەی رووناکییەوە پەیوەندی بە بەشێکی خاوەن موەلیدەکانی نێو هەولێرەوە کراوە کە لە 01ـی مانگی داهاتووەوە گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە و لەبەرامبەر کارکردن موەلیدەدا پارەیان پێنادرێ".
 
هەروەها هەکار هرووری، گوتەبێژی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پەیوەندی بە خاوەنی چەند موەلیدەیەکەوە کراوە و پێیان گوتراوە، گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە".
 
لەبارەی موەلیدەکانی هەڵەبجەشەوە، سمکۆ سالار، قایمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لیژنەیەکی پڕۆژەی رووناکی پەیوەندییان بە یەکە بە یەکەی خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان کردووە و گوتوویانە، لە 01-12-2025ـەوە تەواوی موەلیدەکانیان بکوژێننەوە و دەتوانن لایانببەن".
 
قایمقامی هەڵەبجە نیگەرانیی خستەڕوو کە لەلایەن حکومەتەوە بە فەرمی نووسراو بۆ لابردنی موەلیدەکان نەکراوە. گوتیشی: "پڕۆژەی رووناکی نە پەیوەندی بە ئێمەوە کردووە و نە بە کارەبای هەڵەبجەوە، بەڵکو بە خاوەن موەلیدەکانیان گوتووە دەتوانن موەلیدەکان لاببەن، بەڵام دەبێت کێبڵەکانی کارەبا بمێننەوە".
 
سمکۆ سالار گوتی: "پڕۆژەی رووناکی لە هەفتەی رابردوودا بەهۆی بارانەوە ئێواران یەک بۆ دوو کاژێر کارەبایان کوژاندەوە، لەکاتێکدا ئێمە بەرکەوتەی چەکی کیمیاییمان هەیە کە پێنج خولەک کارەبا و ئۆکسجینی نەبێ گیانی لەدەستدەدا. ئەگەر موەلیدەکانیش نەبن حکومەت چی گرەنتییەک دەدات کە جارێکی دیکە لە باران و رەشەبادا کارەبای 24 کاژێری نەکوژێتەوە؟"
 
بە گوتەی قایمقامی هەڵەبجە: "01-09-2025 گرێبەستی 6 مانگ بۆ خاوەن موەلیدەکان کراوە و دەبوو تاوەکو 01-03-2026 بەردەوام بێ، ئێستا گوتویانە لە سەری مانگەوە بە هەڵوەشاوە دادەنرێ".
 
حکومەت: بەگوێرەی خاڵێکی گرێبەستەکە موەلیدەکان لادەبرێن
 
بەگوێرەی زانیاریی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەریگرتووە، "موەلیدەکان زۆرینەیان لادەبرێن، ئەویش پشتبەستوو بە خاڵێکی نێو گرێبەستەکە کە حکومەت هەر کاتێک بیەوێ دەتوانێت گرێبەستەکە هەڵوەشێنێێتەوە".
 
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، ژمارەیەکی "زۆر کەم" موەلیدە لە چەند گەڕەکێکی شارەکان دەمێننەوە، ئەویش ئەو شوێنانەن گوشاری زۆر لەسەر تۆڕەکانیان دروست دەبێت و ئەگەری بڕانی کارەبایان دەبێ.
 
هەفتەی رابردوو بەهۆی بارانبارینەوە لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی و هەولێر بۆ ماوەیەک کارەبای 24 کاژێری کوژایەوە. بەگوێرەی بەرپرسانی حکومەت بۆ رووداو، "تەواوی ئەو کێشانە چارەسەرکراون و بارانی دیکە ببارێت لەو ناوچانە کێشە دووبارە نابێتەوە. حکومەت دڵنیا نەبێ لە توانای کارەبا لەم وەرزەدا کە پێش زستانە، گرێبەست هەڵناوەشێنێتەوە".
 
دەستەی ژینگە: پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەین
 
د. سەنعان عەبدوڵڵا، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە تەنیا رووە ژینگەییەکەی بڕیارەکە دەبینین کە بڕیارێکی پێویستە و خزمەت بە ژینگە و تەندروستی خەڵک دەکات".
 
گوتەبێژی دەستەی ژینگە دەڵێ: "کوژرانەوەی موەلیدەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر پێویستە و ئەوە دەردەخات کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا هەرێمی کوردستان هەنگاوی کرداری دەنێ".
 
د. سەنعان ئاماژەی بەوەشکرد، کوژانەوەی تەواوەتی موەلیدەکان دەبێتەهۆکاری کەمبوونەوەی گازە زیانبەخشەکان لە هەوای هەرێمی کوردستاندا.