گرووپێکى چەکدار لە نەیجیریا 315 خوێندکار و مامۆستایان رفاند
رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی کریستیانەکانی نەیجیریا رۆژی شەممە رایگەیاند، دوای هەڵکوتانە سەر قوتابخانەیەکى کچان لەلایەن گرووپێکى چەکدارى نەناسراوەوە، "کۆی گشتیی رفێنراوەکان تائێستا 303 خوێندکار و 12 مامۆستان".
هێرشەکە بۆ سەر قوتابخانەیەکى ناوەندیی کاتۆلیکی کچان بووە، دووەم هێرشى رفاندنی بەکۆمەڵی خەڵکە لەو مانگەدا روودەدات، هەفتەى پێشوو 25 خوێندکارى دیکەی کچ لە ویلایەتى کێبیی نەیجیریا رفێنران.
هێرشەکە لە شارۆچکەیەکى سەر بە ویلایەتى نەیجیرى نەیجیریا روویداوە و سەرەتا راگەیێندرا 220 خوێندکار رفێنراون، بەڵام رۆژی شەممە 22-11-2025، کۆمەڵەی کریستیانەکانی نەیجیریا رایگەیاند، 315 خوێندکار و مامۆستا رفێنراون.
ژمارەى رفێندراوان نیوەى ژمارەى ئەو خوێندکارانەیە لە قوتابخانەکەدا دەیانخوێند.
حکومەتی ویلایەتی نەیجەر لە باکوور و نێوەڕاستی وڵاتەکە، ژمارەیەکی زۆر قوتابخانەی داخست. بۆلا ئەحمەد تینوبو، سەرۆکی نەجیریا بەهۆی رووداوەکەوە گەشتە نێودەوڵەتییەکان و بەشداریکردنى لە لووتکەی G20 هەڵوەشاندەوە.
هەروەها دەسەڵاتە خۆجێیەکانى ویلایەتەکانى کاتسینا و پلاتەوی نزیکی ناوچەکە، وەک رێکارێکى خۆپارێزى بڕیارى داخستنی قوتابخانەکانیاندا.
رووداوەکان دواى ئەوە دێن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاری سەربازیی کرد لە بەرامبەر ئەوەی بە "کوشتنی کریستیانەکان لەلایەن ئیسلامییە تووندڕۆکان لە نەیجیریا" ناوی بردبوو.
نەیجیریا هێشتا بەدەست ئازاری رفاندنی نزیکەی 300 کچە خوێندکارەوە دەناڵێنێت کە زیاتر لە دەیەیەک لەمەوبەر لەلایەن چەکدارانی بۆکۆ حەرامەوە لە چیبۆکی ویلایەتی بۆرنۆ رفێنران. هەندێک لەو کچانە هێشتا بێسەروشوێنن، بۆکۆ حەرام بە باڵی ئەفریقای داعش دادەنرێت.
بەگوێرەى داتاکانى یونیسێف، لە 10 ساڵى رابردوودا زیاتر لە 1780 خوێندکار لەلایەن گرووپى چەکدارى جیاوازەوە لەو وڵاتە رفێنراون.